سەبارەت بە نوێنەر

دانەر ئەبوبەکر مستەفا

دانەر ئەبوبەکر مستەفا لە ۱/۱٠/۱۹۸٤ لە شاری قەڵادزێ، سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان لە خانەوادەیەکی نیشتمان پەروەر و پێشمەرگە لە دایکبووە.
‎باپیر و باوکی و مام و زۆر کەس و کاری تری بەشداری شۆڕشی ئەیلولی مەزنیان کردووە. باوکی مامۆستای شۆڕشی مەزنی ئەیلول بووە و خاوەنی دیاری مەلا مستەفای بارزانی نەمرە.
‎ژیانی منداڵی دانەر ئەبوبەکر و ئەو بارودۆخە سیاسی و سەربازییەی خێزانەکەیان پێیدا تێپەڕیوون کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر پسپۆری و کار و چالاکی نەتەوەی و کولتووری هەر لە سەردەمی خوێندنی زانکۆی لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیای فیدراڵ. لەماوەی خوێندن دەیان کار و چالاکی نەتەوەی و بەشداری زۆ کۆڕ و کۆنفرانسی زانستی و کولتووری ناوخۆی و نێودەوڵەتیی کردووە.

‎لە ساڵی ۲٠٠۹ تا ۲٠۱۳ لە فاکەڵتیی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی هاوڕێیەتیی نێوان گەلان لە مۆسکۆ خوێندوویەتی. هەر لەو کاتانەوە دەستی کردووە بە بەشداریکردن لە چالاکییەکانی خوێندکارانی نێونەتەوەیی لە ڕووسیای فیدراڵ. دوای تەواوکردنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە هەمان زانکۆ و بەش، لە ساڵی ۲٠۱۳ تا ۲٠۱٥ ماستەری بە دەست هێناوە. لە ساڵی ۲٠۱٥ تا ۲٠۱۸ لە زانکۆی هاوڕێیەتیی نێوان گەلان لە مۆسکۆ، لە بەشی شیکاری و سیاسەتی بەڕێوەبردن قۆناغی دکتۆرای (ئەسپیرانتۆرە)ی تەواوکردووە . لە ساڵی ۲٠۱۷ بۆ ۲٠۱۸ وەک مامۆستای یاریدەدەر، لە زانکۆی هاوڕێیەتیی نێوان گەلان وانەی وتووەتەوە. لە ساڵی ۲٠۱۸ـ۲٠۱۹ لە بەشی شیکاری وسیاسەتی بەڕێوەبردن لە فاکەڵتیی زانستە سیاسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی هاوڕێیەتیی نێوان گەلان لە ڕووسیا، پراکتیکی زانستییکردووە. دواتر لە پەیمانگەی ئەفریقا (زانستی ئاکادیمیای ڕووسیا) لەژێر سەرپەرشتیاریی ئەنجوومەنی دادوەریی توێژینەوەی پەیمانگەی ناوبراو و لەژێر چاوەدێریی ڕۆژهەڵاتناس و ئەکادمیستی ناوداری ڕووسیا و جیهان: (ئەلیکسەی ڤاسیلیێڤ) قۆناغی دکتۆرا (کاندیدات)ی تەواو کردووە. کە ئەم بڕوانامەیە لە هەرێمی کوردستان هاوشانی یاریدەدەری پرۆفیسۆرە. خاوەنی ۷ پەرتووکە، لەناویاندا پەرتووکێکی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی ڕووسی بە هاوبەشی لەگەڵ توێژەرانی ڕووس، هەروەها پەرتووکێکی هاوبەشی تر تایبەت بە بەشداری کوردانی سۆڤیەت لەپاڵ سوپای سوور لە جەنگی دووەمی جیهانی دژ بە نازییەکان، و زیاتر لە ۳٠ توێژینەوەی زانستی لە بواری پرسە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەیان وتار بە زمانی شیرینی کوردی لە سایتەکانی ڕووداو و باس نیوز و وشە و ڕۆژنامەی هەولێر و کوردستان تیڤی و هتر…
‎ناو و ناونیشانی حەوت لە پەرتووکەکانی بە زمانی ڕووسی و
‎کوردی:

١. پەڕتووکی (کورد لە سیاسەتی ڕووسیادا) چاپی یەکەم کە لەلایەن ئەکادیمیای کوردی لە هەولێر لە چاپدراوە. تیراژ ٥٠٠. تایبەتە بە پەیوەندییەکانی کورد و ڕووس و کورد لە سیاسەتی ڕووسیا دا لەسەرجەم قۆناغە جیاوازەکانی فەرمانڕەوایەتی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و یەکێتیی سۆڤیەت و ڕووسیای فیدراڵ دا. هەروەها کۆمەڵێک وتار وشیکردنەوە و لێکدانەوە جیۆسیاسی دەوڵەتان لە چوارچێوەی پرسی کوردا.

٢. پەڕتووکی (کورد لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیادا) چاپی دووەم. تیراژ ۱٠٠٠. لە چاپخانەی موکریان لە چاپدراوە. ۳٠٤ لاپەڕەییە. بە ژمارەی ۹٤۷ ژمارەی سپاردنی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێدراوە.
٣. پەڕتووکی (کورد و دیاسپۆرا) ئەم پەرتووکە هەوڵدانێکی تایبەتیی نووسەرە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی مێژووی چەمکی دیاسپۆرا، هەروەﮪا خودی گەلی کورد لە چوارچێوەی فینۆمینی دیاسپۆرادا. ئەم بابەتانەی لەم کێتێبەدا نووسراون، بەرهەمی نزیکەی ۱٥ ساڵ ژیانی نووسەرە لە تاراوگە و ۱٠ ساڵ کارکردن لەناو ژیانی ئەکادیمی و پسپۆڕیی زانستی کۆمەڵناسی و سیاسیدا؛ هەروەﮪا کۆکردنەوەی ئەو سەرچاوە و ئەرشیفانەی ماوەی ژیان و کارکردنی نووسەرە
‎لەسەر ئەو پرسە گرنگە نێودەوڵەتییە. لە چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە چاپدراوە. ۱۹۷ لاپەڕەییە.

‎٤. پەڕتووکی (فاکتەری کوردی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) بە زمانی ڕووسی
‎ئەم پەرتووکە بەشێکە لە توێژینەوەی دکتۆرای نووسەر بە زمانی ڕووسی. ناوەرۆکی پەرتووکەکە باس لە پرسی کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ٥٠٠ تیراژە لە چاپخانەی پرەبێڵـ۲٠٠٠ لە مۆسکۆ لە چاپدراوە. ۱۹٦ لاپەڕەییە.
‎٥. وەرگێڕانی پەرتووکی (فاکتەری کوردی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) بۆ زمانی کوردی
‎ئەم کتێبە بەشێکە لە توێژێنەوەی دکتۆرای نووسەر. ناوەرۆکی پەرتووکەکە باس لە پرسی کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ۱٠٠٠ تیراژە لە چاپخانەی موکریان لە چاپدراوە. ۲۷۱ لاپەڕەییە. بە ژمارەی ۹٤۸ ژمارەی سپاردنی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێدراوە.

‎. ٦. پەڕتووکی (بەشداری کورد لە جەنگی دووەمی جیهانی لەپاڵ سوپای سۆڤیەتدا دژ بە نازییەکان) بە زمانی ڕووسی
‎ئەم پەرتووکە کەمتر لە سەد دانەی لێ چاپکراوە، دوای ئەوەی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، وا بڕیارە بەم نزیکانە لە یەک پەرتووک دا بەهەردوو زمانی کورد و ڕووسی لە چاپ بدرێت. ژمارەی سپاردنی ٥۹۳.

٧. وەرگێڕانی پەڕتووکی (بۆ مێژووی) سەرۆک بارزانی بۆ زمانی ڕووسی. لە چاپخانەی هەڤاڵ لە چاپدراوە. ۲٦٦ لاپەڕەییە