حکومەتى هەرێمى کوردستان ماوەیەکى زۆرە سیاسەتى هاوکارى و پێشوازى لە تەواوى گروپ و کۆمەڵە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان گرتۆتەربەر بەبێ ئەوەى جیاوازى لەنێوانیان بکات لەسەر بنەماى ناسنامەى نەتەوە یاخود ئایین. ئێمە تتێگەیشتنمان هەیە کە خەڵکانى سیڤیل کە بە هۆى ئاڵۆزى توند و تیژیەکانى عێراق و ناوچەکە پێویستیان بە هاوکارى هەیە. لە ماوەى نێوان ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠١٣ هەرێمى کوردستان پێشوازى لە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارەى ناوخۆیى عێراقى کرد. حکومەت و خەڵکى هەرێمى کوردستان تێگەیشتنیان هەبوو کە ئاشتى و سەقامگیرى بەردەوام بەدەست ناهێنرێت ئەگەر هاتوو بەشێکى ئەندامانى کۆمەڵگا پەراوێزبخرێن بۆیە کاریانکرد بۆ ئەوەى ئەم خەڵکانەى کە تازە ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە هەمان ماف و خزمەتگوزارى و پاراستنیان بۆ دابین بکرێت.
شەڕو ئاڵۆزییەکانى سوریا گەورەترین قەیرانى ئاوارەبوونى خەڵکى لە سەرتاسەرى جیهاندا بەدواى خۆیدا هێنا و بۆیە ژمارەیەکى بەرچاو لە هاوڵاتیانى سوریا لە ئەنجامى ئاڵۆزییەکان بۆ پاراستنى ژیان و سەلامەتى خۆیان ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کرد. هەروەها ئاڵۆزییە چاوەڕوان نەکراوەکانى ئەم دوواییانەى ساڵى ٢٠١٤ کە لە ئەنجامى هێرشەکانى دەوڵەتى ئیسلامى داعش ڕوویدا بووە هۆى ئاوارەبوونى ٣ ملیۆن هاوڵاتى عێراقى. بارودۆخى عێراق دواى هێرشەکانى گروپى تیرۆریستى داعش بەشێوەیەکى خێرا گۆڕانکارى بەسەردا هات ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕووى بارودۆخى مرۆییەوە عێراق لە ئاستى سێ یەم دابنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەرێمى کوردستان دواى ئەم ڕووداوانە دووبارە بووە ناوچەیەکى ئارام بۆ نیوەى زیاترى ئاوارە ناوخۆییەکانى عێراق و پەناگەیەکى ئارامى بۆ دابین کردن و هەروەها لە ماوەى ڕابردوودا دەرگاى هەرێمى کوردستان کراوەبووە بەڕوویاندا.
ئەمڕۆکە هەرێمى کوردستان شوێنى حەوانەوە و ئاسایش و خزمەتگوزاى پێویست بۆ نزیکەى ٢٨٠,٠٠٠ دوو سەد و هەشتا هەزار پەنابەرى سورى و زیاتر لە ١,٥ یەک ملیۆن نیو ئاوارەى نێوخۆیى عێراق دابین دەکات. بەپێى ئامارەکان لە ساڵى ٢٠١٥ ڕێژەى هاتنى ئاوارەکانى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان هەموو مانگێک ٨٠,٠٠٠ هەشتا هەزار بوو، ئەمە جگە لەو ئاوارانەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوەى سنورى ئیدارى خۆى لە ناوچەکانى کەرکوک و نەینەوا خزمەتگوزارى پێشکەش کردوون. لە دەرەنجامدا بەهۆى ئەو شەپۆڵە فراوانەى ئاوارەکانى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان کۆى گشتى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى ٣٠% زیادى کرد کە ئەمەش بووە هۆى دروستکردنى فشارێکى زۆر لەسەر ئەو سەرچاوە و خزمەتگوزاریانەى کە هەبوون و لەگەڵدانیشتوانى هەرێمى کوردستان بە گشتى. هەروەها لە دواى دەسپێکرنى ئۆپەراسیۆنەکانى ئازادکردنى موسڵ لە ئۆکتۆبەرى ٢٠١٦ زیاتر لە ٢٠٠,٠٠٠ دوو سەد هەزار ئاوارەى تر ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دواى کۆتایهاتنى ڕیکخراوى تیرۆرستى داعش لە عێراق، بەرنامەى لە پێشینەى حکومەتى هەرێم ئەوە بوو کە ئەو ئاوارانە بەشێوەیەکى سەلامەت و ئازادانە و بەبێ زۆرەملێ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و حکومەتى هەرێم کاردەکات کە ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکى شەفافانە ئەنجام بدرێت و گەڕانەوەکە بەشێوەیەک بێت کە لە بەرژەوەندى ئاوارەکان خۆیان بێت. بەپێى یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکان و بە مەبەستى زامنکردنى سەلامەتى و گەڕانەوەى خۆبەخشانەى ئاوارەکان، حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ بەرنامەیەکى نیە بۆ داخستنى ئەو کەمپانەى کە ئاوارەکان تیایدا نیشتەجێن. ئەنجامدانى هەر هەنگاوێکى لەم شێوەیە پێچەوانەى سیاسەتى حکومەتى هەرێمە. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێشوازى لە گەڕانەوەى ئاوارەکان دەکەین بۆ شوێنى زێدى خۆیان و ئامادەین بۆ پێشکەش کردنى هەموو هاوکارى و کارئاسانیەک بۆ گەڕانەوەى ئارەزوومەندانە و خۆبەخشانە