له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه سیاسیه نوێیه‌ى كه به‌هۆى داگیركردنى ده‌وڵه‌تى كوێت، له‌پاش ١٩٩٠/٨/٢ له‌عێراق و ناوچه‌كه هاته‌ئارا، بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووى خه‌باتى گه‌لى كوردستان له عێراقدا، به‌ره‌ى كوردستانى به پشتیوانى و به‌شدارى جه‌ماوه‌رى كوردستان توانیان به‌شێكى زۆرى خاكى كوردستانى عێراق، به‌شارى كه‌ركوكیشه‌وه رزگار بكه‌ن.
به‌ڵام دواتر، ڕ‌ژێمى سه‌دام به‌شێكى زۆرى شاره گه‌وره‌كانى كه‌ركوك و سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆكى داگیركرده‌وه، بۆده‌ربازبوون له شاڵاوى كوشتنى دڕندانه‌ى رژێمى سه‌دام، گه‌لى كوردستان به كورد و توركمان و مه‌سیحیه‌وه و تەواوی دانیشتوانەوە، له كۆڕه‌وێكى ملیۆنیدا شارەکانیان چۆڵکردوو، به‌ره‌و ناوچه سنووریه‌كانى ئێران و توركیا كۆچیان كرد. هاوكات هێزى پێشمه‌رگه له ناوچه شاخاوییه‌كان، له هه‌ردوو ناوچه‌ى كۆڕێ له هه‌ولێر،و چیاى ئه‌زمڕ له‌سلێمانى، سه‌نگه‌رى به‌رگریان قایم كرد‌و ئازایانه هێزى په‌لامارده‌رى سوپاى عیراقیان تێك شكاند. دواتر ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى ٦٨٨ ی ده‌ركرد، به‌هۆیه‌وه ناوچه‌ى (په‌ناگه‌ى ئارام) بۆ خه‌ڵكه ئاواره‌بووه‌كه‌ى ناوچه سنووریه‌كان، له‌دژى فڕینى فڕۆكه‌كانى سوپاى عێراقى له سه‌رووى هێلى پانى ٣٦ پله، بۆ پاراستنى گه‌لى كوردستان دیاریكرا. ئەم بڕیارەش بووە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆمان.
دواى شكست هێنانى گفتوگۆكانى نێوان به‌ره‌ى كوردستانى و ڕ‌ژێمى سه‌دام، له ١٩٩١/١٠/٢٦، حكومه‌تى عێراق ده‌ستى كرد به‌كێشانه‌وه‌ى دام وده‌زگا ئیدارییه‌كان له‌ناوچه‌كانى هەرێمی كوردستان. ئه‌مه‌ش بۆشاییه‌كى یاسایى و ئیداریى دروستكرد، به‌ره‌ى كوردستانى، كه له حه‌وت حزب پێكهاتبوون، وه‌كو ده‌سه‌ڵاتى دیفاكتۆى ناوچه‌كه، له ئاستى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ته‌نگه‌ژه سیاسى و ئیدارى و یاساییه‌دا بوو كه رژێم له كوردستان دروستى كردبوو، ئه‌وه‌بوو له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێم و دانانى ده‌سه‌ڵاتى یاسا، به‌ره‌ى كوردستانى بیرى له‌دامه‌زراندنى سیستمێكى په‌رله‌مانى كرده‌وه، له‌ڕێى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى سه‌ربه‌خۆى ئازاد‌و دیموكراتیه‌وه.
بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ركردایه‌تى به‌ره‌ى كوردستانى، لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى له (١٥) كه‌س له حاكم و پارێزه‌رو مافپه‌روه‌ران و نوێنه‌رانى لایه‌نه سیاسیه‌كانى ناو به‌ره‌ى كوردستانى پێكهێنا..
ئه‌م لیژنه تایبه‌تیه‌ى پێكهات، دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند دانیشتنێكى له‌ماوه‌ى نێوان ١٩٩١/١٢/٢٣ تاوه‌كو ١٩٩٢/١/٢٨ ئه‌نجامدا، پڕۆژه یاسایه‌كیان پێشكه‌ش به سه‌ركردایه‌تى سیاسى به‌ره‌ى كوردستانى كرد، و له‌ڕۆژى ١٩٩٢/٤/٢٨ له‌لایه‌ن به‌ره‌وه بڕیارى له‌سه‌ردرا، و به‌ناوى یاساى ژماره (١) بۆ ساڵی١٩٩٢ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردستان – عیراق په‌سه‌ندكرا.
هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و رابه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كوردستان، له‌رێگاى ده‌نگدانى گشتى ونهێنى و راسته‌وخۆ، له ١٩٩٢/٥/١٩ به به‌شدارى نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن ده‌نگده‌ر، كه نوێنه‌رایه‌تى زیاتر له‌سێ ملیۆن ونیو هاوڵاتیان ده‌كرد، ئه‌نجامدرا. کە به هاوكارى و پشتیوانى چاودێرانى بیانى ودۆستانى گه‌لى كورد به‌ڕێوه‌چوو.
و به پێى یاساى هه‌لبژاردن هه‌ر حزبێك ده‌بوایه 7% ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێ بۆ ئه‌وه‌ى كورسیه‌كى په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردستان دامەزراوە، کە یەکەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراو بووە بەشێوەیەکی دیموکراتی لە کوردستان و عیراق لە دوای دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە توندوتیژیەکانی ڕژێمی پێشووی بەعسی عێراق لە ساڵی 1991.
حکومەتی هەرێمی کوردستان شارەزایی ولێهاتوویی لەماوەی کابینە یەک لە دوای یەکەکان بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003. دوو کابینەی جیای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006 یەکیانگرت بۆ پێکهێنانی کابینەی پێنجەم، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێستا ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ڕابەرایەتی دەکرد. کابینەی پێنجەم ڕێگە خۆشکەری چەندین پرۆژەو سیاسەتی بێ هاوتابوو کە لە ساڵانی پێشوودا بوونیان نەبوو وەک دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، گرتنەدەستی سیاسەتێکی دەستپێشخەری نەوت وگاز، بنیاتنانەوەی ژێرخانی هەرێم وپەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرمایەی زیاتر بۆ پڕۆژەکانی کومەڵایەتی و ئابووری لە هەرێم.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دواین کابینەی هەرێمی کوردستان‌مان هەژماردەکرێت تاوەکو ئەمڕۆ. لەڕۆژی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩، لە پەرلەمانی کوردستان متمانە بە وەزیرەکانی ئەم کابینەیە بەخشرا. لەکۆبوونەوەکەدا بەڕێز مەسرور بارزانی وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆک وەزیرانی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، هەروەها بەرێز قوباد تاڵەبانی بەجێگری وەک کاندیدی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان. کایبینەی نۆیەم لە ٢٣ وەزیر پێکدێ، سێ لە وەزیرەکان، وەزیری هەرێمن.