پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی داستانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس

پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی داستانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ حەفتا و چوار ساڵ بەسەر داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراسدا تێدەپەڕێت. لە ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٤٧ـدا دوای پەنجاوسێ ڕۆژ شەڕ و بڕینی سنووری ئێران و عێراق و توركیا و ڕووبەڕووبوونەوەی سوپا و چەکدارانی سێ دەوڵەت و پووچەڵکردنی هەڕەشەی دوژمنان لە ڕێڕەوێكی دوورودرێژ و سەختدا بارزانیی نەمر و یاوەرانی توانیان لە ڕووباری ئاراس بپەڕنەوە و بچنە خاكی یەكێتیی سۆڤییەت. ئەو داستانە ڕەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو و، كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی ڕەوای كورد لەو كات و لە قۆناغەكانی داهاتوو بەجێهێشت.

لەدوای ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد هەموو هەوڵی دوژمنان ئەوە بوو كە كۆتایی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی ستەملێكراوی كورد بهێنن و ئیرادەی مرۆڤی كورد بشكێنن. بەڵام لەو داستانە مێژووییەدا ئیرادەی گەلەكەمان بەسەر پیلانی دوژمنان سەركەوت و ئەوە سەلمێندرا كە ئیرادەی بەرخودان و خۆبەدەستەوەنەدان لەنێو ڕۆڵەكانی گەلی كوردا هەر دەمێنێت و ئەو ئیرادەیە لە هەموو هێز و سوپا و پیلانێك بەهێزترە. داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس ڕەتكردنەوەی داگیركاری و بندەستی بوو و، ئومێدی مانەوە و خەباتی لە دڵی گەلی كورد بە زیندوویی هێشتەوە.

مسعود بارزانی
١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *