رێکخەران، میوانان و بەشداربووانی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلیمی کوری لە مۆسکۆ، ئێوارەتان باش
بۆ من شانازێکی گەورە و جێگای خۆشحاڵییە ئەمڕۆ روو بکەمەوە ئێوەی بەڕێزو لەگەڵتان بم لە کۆتا و داخستنی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلیمی کوردی لە مۆسکۆ.
بەو پەڕی باوەڕییەوە دەتوانم بڵێم ڤیستیڤاڵ بووە ڕووداوێکی دیار نەک تەنیا بۆ دیاسپۆرای کوردان لە مۆسکۆ، بەڵکو بۆ ژیانی کلتوری پایتەختی رووسیاش .
ڤیستیڤاڵ ماوەی پێنچ ڕۆژ لە رووسیا بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی بەرچاوی بینەری بەخۆیەوە بینی. تەنیا لە سینەما نزیکەی ٢٠٠٠ هەزار بینەری هەبووە. لە هەمان کاتدا بینەری ئۆنڵاین و، بوونە جێگای گرینگی پێدانی زۆری راگەیاندنە رووسی و کوردیەکان. خەڵکێکی زۆر لە کوردستانەوە پەیوەندیان پێوەکردووین، ڤیستیڤاڵ بۆتە مایەی خۆشحاڵی و شانازی زۆر کەس و لایەن.
دەزانم و ئاگادارم بینەرێکی زۆری رووس گفتوگۆ و ئەحساسی و سەرسورمانی خۆیان سەبارەت بە فیلیمی کوردی لەگەڵ خزم و هاوڕێیەکانیان باسکردووە و ئامۆژگاریان کردوون سەیری فیلیمی کوردی بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین ئێوەی ئازیز (دەرهێنەران و ئەکتەر و رێکخەرانی ڤیستیڤاڵ) بوونە هۆکاری ئەوەی دانیشتوانی مۆسکۆ زیاتر بە چارەنووس و ژیان کورد ئاشنابن، هەروەها بزانن چ رووداو و کارەساتێک لەو ناوچانەدا بەسەر کوردا هاتوون. رێگام پێبدەن زۆر سوپاستان بکەم.
بەبێ دوودڵی، ڤیستیڤاڵ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. سەلمێنەری ئەو دەنگدانەوە و حەز و ئارەزووانە بوو، کە لە کۆمەڵگادا بە دەردەکەون. هیوام وایە ڤیستیڤاڵ لەمەبەدوا ببێتە داب و نەریتێکی باش و بەردەوام بەڕێوەبچێت. لام وایە هەنگاوێکی تری گرینگ کە پێویستە بهاوێژرێت، بەرێوەچوونی ڤیستیڤاڵی فیلیمی رووسیە لە هەولێری پایتەختی کوردستان. ئەوەش زیاتر دەبێتە هاوکار لە نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان هەردوو نەتەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان.
جاڕێکی تر زۆر سوپاسی هەردوو کچە پاتریۆت و نیشتیماپەروەری دیاری گەلی کوردمان، رێکخەرانی ڤیستیڤاڵی فیلیمی کوردی مۆسکۆ (ئینا تێدژۆیەڤە و زینا برۆیان) دەکەم بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتری کلتور و داب و نەریتی کوردەواری، هەروەها دەرهێنەر و ئەکتەرە ئازیزەکان، کە تەشریفیان هێناوە بۆ مۆسکۆ، هونەر و کلتوری کوردستانمان بە خەڵکی هەموو دنیا ئاشنا دەکەن. لە هەمان کاتدا سوپاسی هەموو بەشداربووان و تەماشاکەرانی ڤیستیڤاڵی فیلیمی کوردی دەکەم لە مۆسکۆ.
هەموو کات کەمێک ناخۆشە کاتێک، شتێکی باش کۆتای پێدێت، بەڵام هیوادارم ئەوە تەنیا سەرەتاێکی ڕێگا دوورەکە بێت، کە دڵنیام چەند جاری تریش یەکتر دەبینیەوە، زۆر سوپاس!