بەڕێز سێرگێی ڵاڤڕۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیای فێدراڵ ئاماژەی بە پێویستی گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەتووی هەرێمی کوردستان کرد بۆ کوردانی رۆژئاوای. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەمریکا چارەنووسی سووریا دەستنیشان ناکات. لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ساڵانەدا لە مۆسکۆ، بەڕێز سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیای فێدراڵ لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کورد لەنێو لیژنەی دەستووریدا هەن، بەڵام ئەوانەی لەوێدان، نوێنەرایەتیی هەموو دامودەزگا کوردییەکان ناکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە، هەسەدە داوای لە رووسیا کردووە “زەوینەی دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ شام” دابین بکەن، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا بۆچوونی خۆی گۆڕیوە، چیدیکە هەسەدە بایەخی بە دانوستاندن لەگەڵ شام نەداوە. وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، “ئەمریکا هەوڵدەدات نەک بەتەنیا سووریا، هەروەها عێراقیش بکاتە مەیدانێک بۆ شەڕ دژی ئێران و دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران.” هەروەها لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش دا، “ئەمریکا وەکو پێشوو، هاوشێوەی دەوڵەتانی دیکەی جیهان، پابەندیی خۆیان بە یەکپارچەیی خاکی کۆماری عەرەبی سووریا دیار دەکات، بەڵام بە کردەوە هانی هەوڵە جوداخوازییەکان دەدات لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات”. هەروەها جەنابیان باسی لە سەردانی دوو ساڵ لەمەوبەری خۆی کرد بۆ هەولێر و بەغدا، کە تێدا جەختیان لە بوونی پەیوەندێکی باش و هەمەلایەنە کردۆتەوە لەنێوان هەردوو لادا (هەولێر و بەغدا) و پێویستیشە ئەو ئەزموونەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بگوازرێتەوە بۆخوشک و براکەنیان لە کوردانی ڕۆژئاوا.
