ئەمڕۆ سێشەممە ٤/٤/۲٠۲۳ ڕێککەوتنی نەوتی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە واژۆ کرا.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا بەشدارییان کرد و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ” دەستبەرداری هیچ مافێكی دەستووریی خۆمان نابین.”
دەقی قسەكانی مەسرور بارزانی لە پرێس كۆنفرانسە هاوبەشەكەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك وەزیران
سوپاسی ئەو پێشوازییەی جەنابت و شاندی حكوومەتی فیدراڵی دەكەم كە لە ئێمەتان كرد.
بێ گومان ئەم ڕێككەوتنە، ڕێككەوتنێكی گرنگە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، من لێرەوە دەمەوێ هەم دەستخۆشی لە جەنابت بكەم و سوپاسی جەنابت بكەم، هەروەها پیرۆزباییش لە هەموو خەڵكی عێراق و خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ ئەم ڕێككەوتنە گرنگە كە پێم وایە دەتوانێ ببێتە بنەمایەك بۆ موازەنە و هەتا یاسای نەوت و غازیش، ئەگەر بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ بكرێت، ئەمە وەكوو بنەمایەك بەكار بێت.
بێگومان دوای وەستاندنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، زیان تەنیا بە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەكەوتووە، بەڵكوو زیان بە هەموو خەڵكی عێراق كەوتووە. ئێستا ئەو ئالیەتە بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەبێتە داهاتێكی زیاتر بۆ هەموو عێراق و هەموومان دەتوانین تێیدا سوودمەند بین.
لێرەوە دەمەوێ هەموو لایەك دڵنیا بكەمەوە كە لە سەرەتاوە نیەتی ئێمە بۆ ئەوە بووە كە بگەینە ڕێككەوتنێكی باش لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەبێ ئەوەی ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خۆمان بێنین، بەڵكوو ئەم ڕێككەوتنە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و ئەو یاسا بەركارانەی كە هەن.
لێرەوە من دەمەوێ سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی بكەم بۆ ئەو متمانە و پشتیوانییەی بەردەوام بە ئێمەی هەبووە، هەروەها سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لەم پرۆسەیە، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش بكەم كە دەورێكی كاریگەر و ئەرێنییان هەبووە لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە. سوپاسی شاندی حكوومەتی فیدراڵی دەكەم بۆ پشتیوانییان بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ شاندی ئێمە. هەروەها سوپاسی شاندی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەكی زۆر چڕ توانییان ئەم گفتوگۆیانە بگەیەنن بە ئەنجام كە خێری هەموو خەڵكی عێراقی تێدا بێت.
جارێكی تر من دەستخۆشی و سوپاسی جەنابی سەرۆك وەزیران دەكەم، كە بە ڕاستی وەكوو سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق كە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقی بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێریی بەڕێزیان ئەم ڕێككەوتنە كراوە. هیوادارم و دڵنیاشم كە سوودی بۆ هەموو خەڵكی عێراق دەبێت. جارێكی تر پیرۆزباییتان لێ دەكەم و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.
لە بەشێکی پرێس كۆنفرانسە هاوبەشەكەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، مەسرور بارزانی وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانی دایەوە:
پرسیار: ئەم ڕێككەوتنەی ئەمڕۆ كاتییە تاوەكوو یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەردەچێت، یان ڕێككەوتنێكی درێژخایەن دەبێت؟
مەسرور بارزانی: بەڵێ ئەم ڕێككەوتنە ڕێككەوتنێكی كاتییە، بەڵام هەموو بنەماكانی ئەم ڕێككەوتنە دیسان لە بودجە و یاسای نەوت و غازیش ڕەنگ دەدەنەوە، لەبەر ئەوە جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك پێم وایە دەتوانێت ببێتە ئەساسێك بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و غازیش.
پرسیار: زۆرجار ڕێككەوتن كراوە و جێبەجێ نەكراوە، هەندێک جاریش ئەو گلەییە هەبوو كە دەستوور جێبەجێ نەكراوە؟ تا چەند چاوەڕێن ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆی ئەوەی بەشێك لە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت، بەتایبەتیش لە پرسی نەوت كە چەندین ساڵە كێشەیەكە و چارەسەر نەكراوە؟
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، ئەم جارە من دڵنیام بە وجوودی جەنابی سەرۆك وەزیران، ئەم ڕێككەوتنە وەكوو خۆی جێبەجێ دەكرێت. هیوادارم ئەو تیمانەی كە تەكلیف دەكرێن بۆ چارەسەركردنی بابەتە هونەرییەكانی جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنە، زوو پەلە بكەن لە تەواوكردنی ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوەی چیی تر خەڵكی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە زەرەرمەند نەبن.
بوونی جەنابیان و ئەو ئیلتزامەی كە هەموو لایەكمان پێشانی دەدەین هیوادارم گەرەنتیی ئەوە بێت كە ئەم ڕێككەوتنە وەكوو خۆی بتوانرێت جێبەجێ بكرێت. دڵنیاشم ئەمە دەبێتە دەستپێكێكی باشتر بۆ ئەم هەموو هاوكارییانە و كاركردنی پێكەوە. وەكوو جەنابی سەرۆك وەزیرانیش باسی كرد چیی تر باسی كێشە نەكەین، بەڵكوو باسی ئەو دەرفەتانە بكەین كە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەن، ئێمە بتوانین ئەمە وەكوو قۆناغێك، وەكوو دەستپێكێك بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتری هەردوولا كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت، دەست پێ بكەین، ئینشائەڵا سەركەوتن بۆ خەڵكی هەموو عێراق دەبێت.