کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر سەردانی زانکۆی سۆرانی کرد

کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر سەردانی زانکۆی سۆرانی کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی ‌حوزەیرانی ٢٠٢٣، کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و سەرۆکی زانکۆی فیدراڵی باکووری قەفقاز سەردانی زانکۆی سۆرانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران کۆبوونەوە. لەم سەردانەدا، بابەتی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و پلانی کاری هاوبەش گفتوگۆ کران.

‎بەڕێز ماکسیم روبین، کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە هەولێر، خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەوەی بۆ جارێکی دیکە سەردانی زانکۆی سۆرانی کردووە و بەدواداچوون بۆ گفتوگۆکانی پێشووتریان لەگەڵ زانکۆی سۆران دەکات. لای خۆشیەوە، بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، بە گەرمی بەخێر هاتنی شاندەکەی کرد و هیوای خواست بتوانن پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە ئەکادیمییەکانیان بدەن.

‎هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران لەگەڵ بەڕێزان پ. ی. د. بێسپالۆڤ دیمیتری، سەرۆکی زانکۆی فیدراڵی باکووری قەفقاز و د. ئالبێرت کوموکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی، لە بارەی ئامادەکاری بۆ واژوکردنی ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ گفتوگۆیان کرد. هاوکات بڕیار درا هەر دوو زانکۆ کار بکەن بۆئەوەی لە ساڵی داهاتووی خوێندندا (پڕۆگرامی خوێندنی بەکالۆریۆسی هاوبەش بۆ دیراساتی ڕووسیا) بکرێتەوە. بە گوێرەی پڕۆگرامەکە، کە بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو زانکۆوە بەڕێوە دەبرێت، قوتابی بەشێکی خوێندنەکەی لە ڕووسیا تەواو دەکات و پاش تەواوبوونیشی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری ئاداب\دیراساتی ڕووسیا بە دەست دێنێت.

‎لە پەراوێزی سەردانەکەیاندا، شاندی میوان سەردانی تاقیگەکانی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سۆرانیان کرد و بەشەکانیان بە سەرکردنەوە.

‎جێگای ئاماژە پێدانە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ و قونسوڵخانەی گشتی ڕووسیای فیدراڵ لە هەولێر بە هەموو شێوەیەک هاوکار و کارئاسانی دەکەن بۆ زیاتر لە یەکتر نزیکردنەوەی و بەیەکەوە کارکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا بە تایبەتی لە بواری زانستی.