‎سێیەمین ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە ١٢ بۆ ١٩ی تشرینی یەکەمی ۲٠۲۳ بەڕێوەدەچێت

‎سێیەمین ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە ١٢ بۆ ١٩ی تشرینی یەکەمی ۲٠۲۳ بەڕێوەدەچێت

لە ١٢ تا ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە پایتەختی ڕووسیای فیدراڵ بەڕێوەدەچێت. سینەمای ناودار و بەناوبانگ “ساوێر” لە مۆسکۆ وەک شوێنی کردنەوەی و داخستنی فێستیڤاڵەکە دیاریکراوە.

‎تەوەری سەرەکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەم ساڵ، نمایشی فیلمەکان تایبەت کراون بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی ئێران. سینەما لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نوێنەرایەتی چەندین سینەماکاری بە توانای وەک بەهمەنی قوبادی، عەلی ڕەزا، خوسرەت ڕەسوڵ و چەندانی دیکە لە لوتکەی پێشکەوتن دایە.

‎سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بە فیلمی دەرهێنەری بەناوبانگی جیهانی بەهمەنی قوبادی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” دەکرێتەوە. ئەمە چیرۆکی خێزانێکە کە دوای مردنی باوکیان، لە گوندێکی کوردنشینی سەر سنووری ئێران و عێراق، لە ژیانێکی ناچاریدا دەژیان. دۆخەکە خراپتر دەبێت کاتێک سەرۆکی نوێی خێزانەکە کە تەمەنی ١٢ ساڵە و دەزانێت برا کەمئەندامەکەی پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە هەیە. ئەوان دەبێت ئەو کارە بکەن کە بیری لێناکرێتەوە بۆ ئەوەی لەو بارودۆخەدا سەر بکەن و بژین کە تەنانەت ئەسپەکانیش دەبێت مەی بخۆنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ڕێ بکەن.

‎وە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بە فیلمی “٥ کیلۆ گوێز” دەرهێنەری ئێرانی-کورد بەهرۆز قوبادی دادەخرێت. لە سایەی ئەم فێستیڤاڵە سینەماییەدا، دەرفەتێکی ناوازە بۆ خەڵکی ڕووسیا دەڕەخسێت کە خۆیان بخەنە نێو جیهانی سینەمای کوردیی لەم ماوەدا. نیشاندانی فیلمەکان بە زمانی ڕەسەن و ژێرنووسی ڕووسی نمایش دەکرێن، بۆ ئەوەی هەمووان بەبێ سنوور لە هەست و سۆزی فیلمەکان تێبگەن.

‎فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بەردەوامە لە پێشخستنی سینەما وەک فۆرمێکی هونەری گرنگ و ئامرازێکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی. پێشبڕکێی فیلمەکان وەک بەشێکی گرنگ لە فێستیڤاڵەکە دەمێنێتەوە – لیژنەی دادوەری بە ٤ پاڵێوراو هەڵسەنگاندن بۆ فیلمە پێشکەشکراوەکان دەکەن.

‎نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ بە نوێنەرایەتی دکتۆر دانەر ئەبوبەکر، پشتیوانی تەواوی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆسکۆ دووپات دەکاتەوە و سوپاسی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەکات بۆ کارە ماندوونەناسەکانیان لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی کولتوری کوردیمان.