زانکۆی باکوری قەفقاز چەند چالاکییەکی کەلتووری لە هەولێر ئەنجامدا

زانکۆی باکوری قەفقاز چەند چالاکییەکی کەلتووری لە هەولێر ئەنجامدا

ڕۆژی دووشەممە ٩ ی ئۆکتۆبەر بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەک لە بریکاری وەزیر پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتی ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێم، زانکۆی باکوری قەفقاز چەند چالاکییەکی کەلتووری و پەروەردەیی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لە هەولێر ئەنجامدا

لە مەڕاسیمەکەدا بەڕێز ماکسیم ڕۆبن کونسوڵی گشتی ڕووسیای فیدراڵ ووتارێکی پێشکەش کردو ئاماژەی بە گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندییە کولتووریەکان لە نێوان هەردوو گەلی کوردستان و ڕووسیا کرد.

بەڕێزیان گوتی دووشت سەرنجی ڕێکێشام لە هاتنی شاندی زانکۆی باکوری قەفقاز، یەکەمیان زانکۆی باکوری قەفقازی فیدڕاڵی بە بەرنامەیەکی فراوانی پەروەردەیی و کولتووری هاتوون و دەخوازن لێرە پەیوەندی کلتووری دروست بکەن. دووەم خۆشحاڵی هاوڕێ کوردەکانە کە بە گەرمی پێشوازیان لەو بەرنامەیە کرد.

کونسوڵی گشتی ڕووسیای فیدراڵ گوتی سوپاسی بەڕێز سەفین دزەیی و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکەم کە زۆر هاوکاریان کردین، هاوکات سوپاسی وەزارەتی پەروەردە و ڕۆشنبیری دەکەم کە هاوکارمان بوون لە سەرخستنی ئەم بەرنامەیە.

بەڕێزیان گوتی بەهیوام پەیوەندییەکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەوپێش بچێت، نەک هەر لەبەر ئەو چالاکییە. بەڵکو لەچەندین بواری تریش پەیوەندیمان لەگەڵ ئێوە هەیە. ئەوەش دەبێتە درێژە پێدەری پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی کوردو ڕووسیا کە لەو کاتەی ژەنەڕاڵ بارزانی و یاوەرانی هاتنە ڕووسیاو چەند ساڵێک لەوێ مایەوە. ئێوە دەتوانن سوود لە ئەزموونی ئێمە وەربگرن بۆ سوودگەیاندنی زیاتر بە هەرێمی کوردستان.

بەهیوام قوتابیانی شاری هەولێر سوودیان لەو بەرنامەیە بینیبێت و ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆکانی هەردوولا.

دواتر چەند چالاکی و تابلۆیەکی هونەری کوردی و ڕووسیای نمایش کران. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ هەر لە سەرەتایڕێکخستنی بەرنامە و پڕۆژەکانی زانکۆی ناوبراو لەگەڵ قونسوڵییەی ڕووسیا لە هەولێر و زانکۆی باکوری قەفقاز هاتۆتە سەر هێڵ و هاوکاری و کارئاسانی زۆری بۆ ئەنجام دانی ئەم چالاکییە کلتووریە کردووە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیادا بۆ زیاتر پێشخستنی کولتوور و پەروەردە و خوێندن لە نێوان هەردوو لایەندا.