پاتریارکی کەنیسەی ئاشووری ڕۆژهەڵات گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیای فیدراڵ

پاتریارکی کەنیسەی ئاشووری ڕۆژهەڵات گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیای فیدراڵ

ئەمڕۆ ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە فڕۆکەخانەی ڤنۆکەڤەی مۆسکۆ، نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، دانەر ئەبوبەکر مستەفا لە فرۆکەخانە لەگەڵ شاندێکی باڵای کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا و باڵوێزخانەی ئێراق پێشوازیان لە بەڕێز
پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری مار ئاوای سێیەم (ڕۆیلا) و شاندی یاوەری کرد. کە بەڕێزان قەشە کلیمەنت و قەشە تەمنیکۆڤسک و نوێنەرانی پاتریارکی مۆسکۆ و هەروەها قەشە سامان ئۆدیشۆ و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەرستگای ئاشووری مارت مەریەم ئامادە بوون. پاتریارک مار ئاوای لەسەر بانگهێشتی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا سەردانی مۆسکۆی کردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری پیرۆز، لە میانی سەردانەکەیدا بەڕێز پاتریارک سەردانی کەنیسە و خانەقا و دامەزراوە باڵاکانی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا دەکات، هەروەها لەگەڵ بەڕێز پاتریاک کیریل کۆدەبێتەوە.

هەر ئەمرۆ لە خوانێکی ئێوارەدا کە لەلایەن کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا ڕێکخرابوو، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، دانەر مستەفا، بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە خۆشحاڵی و ئامادەی هەموو هاوکاری و کارئاسانێک گەیاندە جەنابیان و شاندی یاوەری. هەروەها ئەوەی خستە ڕوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نزیکی و برایانەی لەگەڵ کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووریەکان هەیە و بە هەمان شێوەی نوێنەرایەتیش ڕێز و پەیوەندێکی زۆر باشی لەگەڵ کەنیسەی ئاشووری مۆسکۆ هەیە،و بوونی پەیوەندی برایانە لەگەڵ خوشک و برا ئاشووریەکانی ڕووسیا بە پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا.