لە ٢٨ی ئەیلول تا ٤ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسیاییەکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. مەبەست لە گەشتەکەیان بۆ کوردستان بەشداریکردن بوو لە کۆنفرانسی زانستی لە ژێر ناوونیشانی “ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیا لە خزمەتکردنی پرسی کورد و کوردستان” کە بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی سۆران و پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی (ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا) بە پاڵپشتی و هەمەهەنگی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ بەڕێوەچوو.
لە کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، ی.پ د. شێروان شەریف سەرۆکی زانکۆی سۆران، هەروەها بە ئۆنڵاین سەرۆکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی (ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا) پ.د ڤیتالی ناومکین، و بەڕێز ئێلبروس کوتراشێڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق وتاری بەخێڕهاتن و پیرۆزبای بەستنی کۆنفرانسەکەیان پێشکەش کرد. لە وتارەکانیاندا ئاماژەیان بە دێرینی پەیوەندییەکانی کورد و ڕووسیا و بەرزی ئاستی ئەم پەیوەندییە مێژویانە کردەوە. هەروەها ڕۆڵی زانایانی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسیا و سۆڤیەت و سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیایان لە دیراسەتکردنی کورد و کوردستان بەرز نرخاند. سەرۆکی زانکۆی سۆران د. شێروان شەریف بەجیا ئاماژەی بە ئەنجامە بەرهەمدارەکانی سەردانەکەی شاندی زانکۆی سۆرانی بۆ ڕوسیا لە ساڵی 2022 کرد کە لەسەر بانگهێشتی د. دانەر مستەفا نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا سەردانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی (ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا)یان کردوو و ئەم کۆنفرانسە بووە بەرهەمی دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان کە لە مۆسکۆ لەەگڵ دامەزراوە زانستییەکانی ئەم وڵاتە بۆیان رێکخرابوو.
یەکەم پانێڵی کۆنفرانسی ئاماژە پێکراو بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سۆران د. شێروان شەریف، و بەڕێز باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ئێلبروس کوتراشێڤ، و نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا د. دانەر مستەفا، هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی بازرگانی ڕووسیا-عێراق ماکسیم مالیرچوک بەڕێوە چوو. سەرجەم بەشداربووانی پانێڵەکە باسیان لە پەیوەندییە دێرین و هەنوکەی و داهاتووەکانی نێوان ڕووسیا و کوردستان کرد لە بوارە جیا جیاکاندا. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ، د. دانەر مستەفا، کاروبارەکانی نوێنەرایەتی لە ماوەی ڕابردوودا خستە ڕوو، هەروەها دەستکەوت و ڕێگاکانی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە شێوەی پرێزنتەیشن نیشانی بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە دا. لە میانی کۆنفرانسەکەدا، د. دانەر مستەفا کۆمەڵێک دیاری و کتێبی پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی سۆران و هەروەها باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد کە لە ماوەی کارکردنی لە نوێنەرایەتی لەلایەن بەڕێزیانەوە نووسراو و وەرگێڕدراون. لە نێویاندا: (کتێبی یادەوەرییەکان سەبارەت بە بەشداریی گەلی کورد لە شەڕی دووەمی جیهانی بە زمانی کوردی و ڕووسی، بەرهەمێکی تری زانستی لە ژێر ناوی “فاکتەری کوردی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا” و کتێبی ” کورد لە سیاسەتی رووسیادا” و کتێبی ” کورد و دیاسپۆرا” هەروەها کتێب و داستانی “فەقێ ئەحمەدی داڕەشمانە” کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ڕووسی، و کتێبی “بۆ مێژووی سەرۆک مەسعوود بارزانی “ لە ژێر ناوی ڕاگەیاندنی مافەکانمان.” و چەندین پەرتووکی تر کە پێکهاتوون لە ۹ کتێب لە یەک بۆکسدا بە ناوی “بەر لە گەیشتنم بە تەمەنی چڵساڵی تازە لە چاپدراون”
زانایانی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسیا لە کۆنفرانسەکەدا چەندین توێژینەوەی زانستی و گفتوگۆی چریان سەبارەت بە زۆر بابەتی کۆنفرانسەکە خستە ڕوو لەوانە: دیراسەتی ئایینییە کوردییەکان، سیاسەتی زمان، کولتووری کوردی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی نەتەوەیی. هەروەها پسپۆران و زانایانی کوردستانیش بە هەمان شێوە کە لە ڕێگەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانیان بەشداریان لەم کۆنفرانسەدا کرد بە بایەخەوە ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیایان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و یەکێتیی سۆڤیەت و ڕووسیای فیدراڵیش بەرز نرخاند. هەروەها سیاسەتەکانی یەکێتیی سۆڤیەت لەهەمبەر گەلی کورد و کوردستان لە چوارچێوەی توێژینەوە و کارە زانستییەکانی زانایانی سۆڤیەت تاوتوێ کرا .
ئەم کۆنفرانسە ڕێگەی بۆ پسپۆرانی ڕووسیا و کوردستان خۆشکرد زیاتر هەمەهەنگی دروست بکەن و کێشە مۆدێرنەکانی توێژینەوەکانیان سەبارەت بە کورد و کوردستان تاوتوێ بکەن و پلان بۆ پەرەپێدانی زیاتری کاری زانست دابڕێژن.
دوای کۆنفرانسەکە شاندی زانایانی ڕووسیا بۆ ئێوارە خوانێک بانگهێشتی کونسوڵخانەی گشتی ڕووسیا لە هەولێر کران، لەوێ لەلایەن ئێلبروس کوتراشێڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و ماکسیم ڕوبین کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە هەولێر پێشوازییان لێکرا.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ کوردستان، شاندی پسپۆران و ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیا، لەسەر بانگهێشتی لایەنی خانەخوێ، سەردانی زانکۆی سۆرانیان کرد، لەوێ ئاشنابوون بە کارەکانی زانکۆ و کتێبخانە و فاکەڵتییە جۆراوجۆرەکانی زانکۆ. شاندەکە لەلایەن سەرۆکی زانکۆ د. شێروان و ڕاگری فاکەڵتی ئاداب د. کارمەند عەبدوڵڵا حەمەد پێشوازیان لێکرا. هەردوو لایەن سەبارەت بە ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد، ڕێگاکانی هەمەهەنگی زیاتریان خستەڕوو و جەختیان لە گرنگی و پێویستی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان پسپۆرانی زانستی ڕووسیا و کوردستان کردەوە.
دوای کۆتایهاتنی کۆنفڕانسەکە، شاندی زانایانی ڕووسیا دەرفەتی سەردانی شوێنە مێژوویی و کولتوورییە دێرینەکانی کوردستانیان بۆ ڕەخسێندرا. ڕۆژهەڵاتناسان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا سەردانی کۆشکی دێرینی خانزاد لە نزیک هەولێر، مۆزەخانەی ڕۆشنبیری ئاشووری، و و مۆزەخانەی هەڵبجەی شەهید و، هەروەها مەزارگەی پیرۆزی لالەش، کە پەرستگا و شوێنێکی پیرۆزە بۆ لایەنگرانی ئایینی کۆنی ئێزیدیزم بکەن. لە لایەن پیاوانی ئاینی لالشی پیرۆزەوە گەشتێک بۆ ڕۆژهەڵاتناسان بۆ ناو ناوەندی پەرستگای لالش ڕێکخرا و باسی نهێنی و ڕێوڕەسمەکانی ئاینی ئێزدیان بە وردی بۆ کرا و دیار و یادگارییان پێبەخشرا، هەروەها بە کەسایەتی و داب و نەریتی ئاینی و ڕۆحانییە ناوخۆییەکان ئاشنا کران.
لەسەر بانگهێشتی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، شاندەکە سەردانی دەڤەری هەورامان و هەڵبجەی شەهیدیان کرد. سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی د. مارگاریتا کاراتیگینا و د. دانەر مستەفا، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، هەروەها نوێنەرانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی لانە ڕەوەندی- فەدای بەرپرسی ناوەندی کولتووری و ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات، لە شاری هەڵبجە چاویان کەوت بە بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز حەمەی حەمەسەعید. لە دیدار و گفتوگۆکانیاندا هەردوو لایەن هەڵسەنگاندنیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە کولتوورییەکانی نێوان ڕووسیا و کوردستان کرد و جەختیان لەو ڕێککەوتنانە کردەوە کە پێشتر لەسەر جێبەجێکردنیان ڕێکەوتبوون کە پێکهاتوون لە سێ پڕۆژەی نەتەوەی و هونەری بۆ خزمەتی کورد و کوردستان. شاندی ناوبراو جگە لە بەسەر کردنەوەی ناوچە جوان و دڵرفێنەکەی هەورامان، سەردانی مۆزەخانەی هەڵەبجەی شەهیدیان کرد، کە تایبەتە بە ڕووداوەکانی پرۆسەی کیمیاباران- جینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن سوپای ڕژێمی کۆنی ئێراقەوە.
لە یەکی ئۆکتۆبەری ڕۆژی جیهانی مۆسیقا، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنسێرڤاتۆری ناوداری چایکۆڤسکی د. مارگاریتا کاراتیگینا لە کۆنسێرتێکی تایبەت بەم جەژنە نێودەوڵەتییە وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا پیرۆزبایی ڕۆژی مۆسیقای لە سەرجەم ئامادەبووان کرد و جەختی لە گرنگی مۆسیقا بۆ جیهان و هەموو مرۆڤایەتی کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمڕۆ مۆسیقاژەنەکان گرنگترین کەسن لەسەر ئەم هەسارەیە، چونکە بەهۆی ئەمانەوە دەکرێ کێشە زۆر و لەسەریەک کۆبووەکان هەندێک کاتی ڕۆژانەمان لە بیر بکەین. لە کۆتای وتارەکەیدا وتی، بژی مۆسیقا! بژی مۆسیقاژەنان! بژی بەهرەمەندترین مۆسیقاژەنەکانی کوردستان!
هەروەها نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، د.دانەر مستەفا، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی مۆسیقای لە ئامادەبووان و مۆسیقاژەنان کرد، هیوای سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتری بۆ خواستن، هەروەها سڵاوی لە نوێنەرانی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی و ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیای کرد کە لەم فستیڤاڵە ئامادەبوون. د. دانەر مستەفا لە وتارەکەیدا بۆ میوزیکژەنان وتی: ئاواتەخوازم ساڵی داهاتوو کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤکسی بە شێوازی جیاواز تر بەشداری ئەم کۆنسێرتە بکەن بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆژی جیهانی مۆسیقا و لە بۆنەکانی تردا.