سەفین دزەیی: کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر كنیاز ئیبراھیم سەرۆكی فیدراسیۆنی كوردان لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران خەسارەتێکی گەورەبوو.
بەداخەوە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٨/٨/٢٠١٢١ هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیارو ڕۆشنبیری گەلەکەمان کنیاز ئیبراهیم سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کوردانی سۆڤیەتی پێشووم پێگەیشت، کە بە نەخۆشی کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد. پڕۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیم لە قۆناغەکانی ژیانی خزمەتی زۆری زانست و ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی کردو ڕۆلی بەرچاوی هەبوو لەکۆکردنەوەی زانستخوازو سیاسەتوان و ڕۆشنبیرانی کورد لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران لەچوارچێوەی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کوردان. سەرەتا لە ئەرمینیا، دواتر لە کازاخستان لە بواری زانستی و هاوکات وەک چالاکوانی سیاسی لە رێکخراوی بەربانگ لە کازاخستان لە خزمەتکردن بەردەوام بوو. ئەکادیمی و پرۆفیسۆر دکتۆر کنیاز ئیبراهیم ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لەسەر ژیانی سیاسی و زانستی کوردانی سۆڤیەتی پێشوو و گەیاندنی ئێش و ئازارو ویستی کوردان بۆ ناوەندە سیاسی و زانستیەکان هەر لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی پیشوو تاوەکو ئەمڕۆ. بەڕێزیان لەگەڵ ئەوەی خۆی و خانەوادەکەی و دۆست و هاوڕێیانی دەیان ساڵ لە زێدی باب و باپیرانیان دوورکەوتنەوە و وەک پەنابەر لە دەرەوەی زێدی خۆیان دەژیان، بەڵام دڵ و مێشکیان هەمیشە لەگەڵ گەلی کوردستان بوو. کۆچی دوایی ئەمڕۆی پڕۆفیسۆر کنیاز ئیبراهیم و کۆچی دوایی چەند ڕۆژێک لەمەوبەری یوری نەبیێڤی هاوڕێ و جێگری، بوونە خەسارەتێکی گەورە و لەبیرنەکراو بۆ گەلەکەمان. بەم بۆنە خەمناکە پرسەو سەرەخۆشی لەخانەوادەو کەس و کارو دۆستانی خوالێخۆشبوو دەکەم و خوای گەورە بیخاتە بەردەم میهرەبانی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.
سەفین دزەییبەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت