جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی لە مۆسکۆ کرد

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی لە مۆسکۆ کرد

‎ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/٢٤، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە یاوەری نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا فێدڕاڵ و ڕاوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی (زانستی ئەکادیمیای رووسیا) کرد، کە لە لایەن سەرۆکی پەیمانگا بەڕێز د. ئەلکبێر ئەلکبێرۆڤ و چەند گەورە توێژەرێکی پەیمانگا پێشوازی کران. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پەیوەندییە مێژووی و زانستیەکانی نێوان پەیمانگا و گەلی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە خرانە بەر باس و گفتوگۆ.


لەهەمان کاتدا هەردوولا جەختیان لەسه‌ر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم بوارەکان کردەوە، کە لە ئاست ئه‌و پەیوەندییه‌ مێژووییه‌نەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕووسیا دابێت بە تایبەتی لە رووی زاستیەوە.

د. هێمن هەورامی، سڵاو و ڕێزى خەڵکی کوردستانی گەیاندە سەرجەم توێژەر و کاربەدەستانی پەیمانگا. ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتناسە بە تواناکانی یەکێتی سۆڤیەت و رووسیای نوێی بەرز نرخاند لە خزمەتکردنی پرسی کورد و کوردستان لە رابردوو و ئێستادا. کاربەدەستانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی سوپاس و پێزانینی خۆیان نیشاندا بۆ ئەو سەردانی و گرینگی پێدانەی جەنابیان، هەروەها ئەو خزمەت و ڕێزەی نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەت لە رووسیا بەردەوام پێشکەشی توێژەرانی دەکات لە بوارە جیاوازەکاندا.

هەر لەم دیدارەدا باسی پرسی کورد لە رووی زانستی و سیاسییەوە لە سوریا و ناوچەکە بە گشتی کرا. ڕۆڵی رووسیا لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەرز نرخێندرا.
دواتر شاندی هەرێمی کوردستان گەشتێکیان بەناو پەیمانگەدا کرد و سەردانی بەشی کوردیان کرد، کە تێدا دووبارە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوکارییەکانی ماوەی رابردوو کە پێشکەشی پەیمانگا و بەشی کوردی کردبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *