پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان

پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر گەورەترین تاوان بەرامبەر گەلی کورد تێدەرپەڕێت کە ئەویش جینۆسایدی بارزانییەکان بوو لە لایەن ڕژێمی بەعسی رووخاو.

كوردبوون، تەنها هۆکاری کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو لە بیابانەكانی باشووری عێراق، ئەمەش لەگەڵ کارەساتە تاڵ و ناخۆشەکانی وەک شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان، هەمووی بە ئامانجی نەهێشتنی شوناسی کورد بوو کە دواجار بووە خەون، و نە بۆ ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هاتە دی و نە بۆ هیچ دوژمنێکی دیکەی کوردیش دێتە دی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و دڵخۆشە بەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی نەكردووەتەوە کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاساییە.

بە دەرفەتی دەزانین لێرەدا، یاد و یادەوەری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان و هەموو قوربانیانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و شەهیدانی کوردستان بەرز و زیندوو ڕابگرین.


د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣١ تەمموزی ٢٠٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *