ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ئابی٢٠٢٢ ڕێبەر ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت (بەوەکالەت) پێشوازی لە ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی تازەی ڕووسیای فیدڕال لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێبەر ئەحمەد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی، پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ڕووسیا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
هاوکات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی خستەڕوو بۆ سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێم.
هەردوولا باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ کرد و تیشکیان خستە سەر بایەخی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان.
ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان عیراق و ناوچەکە تەوەرەیەکی دیکەی دیداری نێوان هەردوولا بوو.