ئاهەنگی نەورۆز لە ٢٥ی ئازار بە بەشداری ۲٥ نەتەوە لە پایتەختی ڕووسیای فیدراڵ بەڕێوەچوو. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ لە ڕێگای گروپی هونەری میللی دهۆک بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی مۆسکۆی ۲٠۲۳ کرد، بە نمایشێکی گۆرانی و هەڵپەرکێی هونەری و کولتووری نەتەوەی کوردی، کە تەلەفزیۆنی وار، هاوکار بوون لە وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی نمایشی کلیپەکە. بەم بۆنەیەوە د. دانەر ئەبوبەکر نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی لە ڕووسیای فیدراڵ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفزیۆنی وار ئەنجام دا بە مەبەستی زیاتر قسەکردن لەسەر ڤیستیڤاڵی نەورۆزی ۲٠۲۳ لە مۆسکۆ و سوپاسگوزاری بۆ هاوکاری لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوبراو. لە چاوپێکەوتنەکەدا هەردوو لایەن بڕیاریاندا بەردەوام بن لە بەیەکەوەکارکردن لە بواری کولتووری و ڕۆشنبیری، هەروەها بانگهێشتی تیپە هونەرییە میللییەکان لە ڕووسیاشەوە بۆ کوردستان بکرێت بۆ بەشداریکردن لە بۆنە و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان لە کوردستان.
جێگای ئاماژە پێکردنە نوێنەرایەتی لە پلانی دایە لە داهاتوودا هەفتەی ڕووسی-کوردی لە کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە کولتوورییەکان و گروپە میللییە هونەرییەکانی کوردستان ڕێکبخرێت.