سڤێتڵانە کاسیان هونەرمەندی ناوداری ئۆپێرا سەردانی نوسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی لە ڕووسیا کرد

سڤێتڵانە کاسیان هونەرمەندی ناوداری ئۆپێرا سەردانی نوسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی لە ڕووسیا کرد

هونەرمەندی بەناوبانگی ڕووسیا و جیهانی ئۆپێرا سڤێتڵانە کاسیان بە نەتەوە کوردی ئێزدی، سەردانی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی لە ڕووسیا کرد. لە دیدارەکەدا کە سەرۆکی دامەزراوەی یەکێتی جیهانی باوەڕدارانی دێرین لیۆنید سێڤاستیانۆف و چالاکوانی دیاری کوردانی سۆڤیەتی و کوڕی یوری نەبێڤی خوا لێخۆش بوو پارێزەر دەیڤید نابیێڤ ئامادە بوون، د. دانەر ئەبوبەکر نوێنەری کاربەرێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا لە سەرەتادا بەخێرهاتنی گەرمی هونەرمەندی ناوداری ئۆپێڕاو و میوانانی یاوەری کرد، دواتر بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی و سوپاسی سەردانیکردنی جەنابیانی کرد بۆ نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەت لە ڕووسیا و بە ڕۆژێکی پڕ لە شانازی لە قەڵەم دا. لە دیدارەکەدا ئامادەبووان باسیان لە ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی گەلی کورد و کوردستان کرد لە ماوەی ڕابردوو دا. هەروەها گفتوگۆ و تاوتوێی داب و نەریت و مێژووی گەلی کورد و بارودۆخی دیاسپۆرای کوردی لە ڕووسیا و وڵاتانی سۆڤیەتی کۆن و جیهانیان کرد. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کولتوور و هونەر هێزێکی نەرم و گرنگە و بەهێزە کە گەلان و دەوڵەتان یەکدەخات و پێویستە پشتگیری لەو ئەنجامانە بکرێت کە پێشتر لەم بوارەدا بەدەست هاتوون و هەوڵبدرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێی نەتەوەی و کولتووری بە بەشداری هونەرمەند سڤێتڵانە کاسیان کە خۆشبەختانە جەنابیان هەموو ئامادەیەکی نیشاندا بۆ بەیەکەوە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی هونەری ئۆپێرا.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، د. دانەر مستەفا چەند بەرهەمێکی پەڕتووکی خۆی وەک یادگاری پێشکەش بە میوانان کرد کە بە پاڵپشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بڵاوکراونەتەوە.