ئەمڕۆ یەکشەممە 1/28، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و ژمارەیەکی زۆری دیپلۆماتکاران و تەواوی نوێنەرانی حکومەتی هەریم لە دەرەوەو ژمارەیەکی زۆری میوانان، لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەو پێش چووە و گەشەی کردووە. ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندان. سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاند کە لە بەرنامەدایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسولگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتيی حكومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی.