ئەمڕۆ ۳٠ی تشرینی دووەم د. دانەر مستەفا، نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی لە ڕووسیای فیدراڵ لەگەڵ دیمیتری ئیڤانۆڤیچ ساڤێلیڤ، ئەندامی ئەنجومەنی دوومەی پەرلەمانی ڕووسیا کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە ڕابردوو و ئێستای پەیوەندییەکانی ڕووسیا و کورد و کوردستان کرد، هەروەها ئاسۆی گەشەسەندنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوو لایەن بە تایبەتی لە بواری ڕۆشنبیری و پەروەردە و زەمالاتی خوێندنی قوتابیانی کوردستانی لە زانکۆکانی ڕووسیا باسی لێوە کرا. لە دیدارەکەدا کار و چالاکییەکانی نوێنەریەتی بە تایبەتی لە بواری کولتووری و پەروەردەی و ئابووری خرانە ڕوو، لەوانە لەچاپدانی ئەو کتێبانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن نوێنەرایەتی کوردستان لە ڕووسیا نووسراون و بڵاوکراونەتەوە. هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر چەندین پرۆژە و کاری تری هاوبەش. لە بەرامبەردا دیمیتری ساڤێلیڤ ئەندامی ئەنجومەنی دوومەی پەرلەمانی ڕووسیا سوپاسی د. دانەر مستەفای کرد بۆ ئەو بەشدارییە چالاکانەی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و کورد و کوردستان، و پتەوکردنی پردی پەیوەندی کولتووری و پەروەردەیی، هەروەها پاراستنی مێژووی دووروو درێژی کورد و کوردستان لەگەڵ ئەم جەمسەرە پێشکەشی دەکات.