.ئەمڕۆ ٣١ تەمووز – ڕۆژێکی لە بیرنەکراوە لە مێژووی کوردستاندا
٣٨ ساڵ لەمەوبەر، لە بەرواری ١٩٨٣.٧.٣١ ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆر، فەرمانی بە سوپای بەعسی روخاو کرد، بۆ گرتنی ھەزاران پیاو و مێرمنداڵی بێ گوناح و بێتاوان لە عەشیرەتی بارزانییەکان، کە بە زۆرە ملێ لە کۆمەڵگاکانی دیانە و قوشتە و بەحرکە لە کوردستان نیشتەجێکرابوون.
دواتر هەموو ئەو گیراوانە بەزیندووی لە بیابانەکانی باشووری عێراق، زیندەبەچاڵکران. قوربانییەکان پیاوانی تەمەن نێوان ١٠ تا ٧٠ ساڵیی دابوون.
خۆشبەختانە ئەمڕۆ گەلی کورد لە پێشکەوتن و بوژانەوەی بەردەوام دایە، دیکتاتۆری جێبەجێکاری پرۆسەی ئەنفال، لەناوچوو، ئەمەش ھێما ونیشانەیەکی زیندوو و دیاری گەلی کوردمانە کە توانای لەناوبردن و رووبەرووبوونەوەی دوژمنان ھەیە.
دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەردەوامن لە پشتگیری و ھاوکاری کەس و کاری ئەنفال و قوربانیەکان، و بەردەوامیش دەبین لەسەر داواکاری مافی قوربانیەکان و قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن دەوڵەتی ئێستای عێراقەوە. لە ھەمان کاتدا داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەت دەکەین ئەنفال بە جینۆسایدی بناسێنێت.
بیرو ھۆش و، نزاو پاڕانەوەکانمان ھەمیشە روو لە کەس و کاری ئەنفال و قوربانیەکانە.
دانەر ئەبوبەکر
نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیای فیدراڵ