لە (124)مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی (رۆژنامەی كوردستان) لەسەر دەستی خواڵیخۆشبوو میر میقداد میدحەت بەدرخان و هاوكارانی، کە هاوكاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا، پیرۆزبايیەكی گەرم لە سەرجەم ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.ڕاگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی هەیە کە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروستە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕۆژنامەوانییەكی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان هەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردستاندا بکات و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیتیكی پیشەیی میدیاكاریدا، بە گیانێكی بەرپرسیارانە و بە باشترین و جوانترین شێوە، لە خزمەتی كۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بێت.جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە هەرێمی كوردستاندا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کار و بزاڤی رۆژنامەوانی و ئازادی ڕاگەیاندن بە گشتی ڕەخسێنراوە و سەدان دەزگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی ڕاگەیاندن، سوودیان لەم کەشە ئازادە وەرگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کردووە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە ڕۆژنامەونووس و ڕاگەیاندنکارە ڕاستەقینەکانی کوردستان بکەم کە ڕێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک، ئەم پیشە و ئەرکە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ ڕێزی و سووکایەتیکردن بە بەها بەرزەکانی نیشتمان بەکاربهێنن.لە کۆتاییدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی ڕۆژنامەوانە پێشەنگەکان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیریی كورستانیان کردووە.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
22/04/2022