لە مۆسکۆ دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەچوو

لە مۆسکۆ دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەچوو

‎ئێوارە ڕۆژی ۲۹/٦/۲٠۲۲ لە مۆسکۆ پایتەختی وەڵاته رووسیا بە هاوکاری و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڤیستیڤاڵەکە بە دەنگی زوڵاڵی هونەرمەندی دیار و بەناوبانگی کوردانی سۆڤیەتی سەر ئاینی ئێزدی مامۆستا کەریم گەردەنزەری بە گۆرانی کوردستان خاکی کوردان و لالشی پیرۆزی ئاینەکەمان دەستی پێکرد.

دواتە وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەحەمەد سعید بە شێوەی ئۆنڵاین وتاری کردنەوەی ڤیستیڤاڵ و پیرۆزبای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندە ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵ و دەرهێنەر و ئەکتەرانی فیلمی کوردی بەشدار لە ڤیستیڤاڵی مۆسکۆ.
لە وتارەکەیدا جەنابیان بە گرینگییەوە باسی ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ و چالاکییە کلتوریەکانی کرد لە دەرەوەی وەڵات وەک بەردەوامێکی لەو هەنگاوانەی گەلی کورد بە درێژای مێژوو دەیان هاوێژێ بۆ پاراستنی کلتورو داب و نەریتی کوردەواری.

دواتر د. دانەر ئەبوبکر بەناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتاری بە هەردوو زمانی کوردی و رووسی پێشکەش بە میوانان کرد، تێدا گرینگی و پێویستی ئەنجامدانی ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵ و چالاکییە کلتوریانەی لە رووسیا و ناو کوردانی بە دوور و درێژی بۆ میوانان باس کرد، لە هەمان کاتدا باسی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ خزمەتی کلتور و هونەر و داب و نەریتی کوردی کرد کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لای گرینگە کلتور و داب و نەریتی کوردی زیاتر بایەخی پێبدرێت و بڵاو بکرێتەوە لە دەرەوەی وەڵات.

شایەنی باسە ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە رووسیا لە لایەن هەردوو ڕێکخەری کچە کوردی ئێزدی رووسیا گولیزار گەردەنزەری و زینا برۆیان سەرپەرشتی دەکرا بە هاوکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا و بە سپۆنسەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێز ئەلێگ برۆیان سەرمایەدارێکی کوردی ئێزدی رووسیا.
لە دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە رووسیا تواندرا ٥٤ فیلمی کوردی لە هەشت وەڵاتی دنیا لە هەردوو شاری مۆسکۆ و سانپترسبۆرگ نیشان بدەن.

لە دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە رووسیا تواندرا ٥٤ فیلمی کوردی لە هەشت وەڵاتی دنیا لە هەردوو شاری مۆسکۆ و سانپترسبۆرگ نیشان بدرێت لە بەرواری ۲۹/٦/۲٠۲۲ تاقەکو ۱۳/۷/۲٠۲۲ بەردەوام دەبێت.

وتاری بەڕێز دانەر ئەبوبەکر نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا لە دووەمین ڤیستیڤاڵ فیلمی کوردی لە مۆسکۆ

‎                                                     هاوڕێیانی ئازیز،

بەناوی خۆم و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیای فێدڕاڵ پیرۆزبای بەڕێوەچوونی دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ تان ئاراستە دەکەم. بۆ ئێمەی کورد ئەوە رووداوێکی هونەری و کلتوری یەکجار گەورەیە، کە دەبێتە ڕێگا خۆشکەر رووس و نەتەوەکانی تری ناو رووسیا سەبارەت بە گەلی کورد و کلتوری دۆڵەمەندمان باشتر ئاشنابن، و بە قوڵی بچینە ناو کەش و هەوای سینەماو هونەری کوردی. لە هەمان کاتدا ڤیستیڤاڵ دەتوانێت شانسی ئەوەمان بۆ بڕەخسێنێت لە نزیکەوە دەرهێنەر و ئەکتەرانی گەلی کوردمان بناسین و کارەکانیان ئاشنا بکەین بە خەڵکی بیانی. 

بەبێ دوودڵی، فاکتی سەرکەوتنی ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی، ئەوەیە ڤیستیڤاڵ بۆ ئەم ساڵ توانیویەتی ٥٤ فیلمی کوردی لە هەشت وەڵاتی دنیا لە هەردوو شاری مۆسکۆ و سانپترسبۆرگ نیشان بدەن.

بە دڵنیاییەوە، ئێستا دەتوانین بڵێین ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ توانی ستاتووی ڤیستیڤاڵی ساڵانە لەم وەڵاتەدا وەربگرێت، لە هەمان کاتدا بەو پەڕێ باوەڕەوە ئومێدمان وایە جوگرافیای ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی فراوانتر بێت، و لە ساڵی داهاتوودا نیشاندانی فیلمی کوردی نەک تەنیا لە شارەکان مۆسکۆ و سانپترسبۆرگ بێت، بەڵکو لە شارەکانی تری رووسیاش نیشان بدرێن.

کلتوری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا بەرز هەڵدەسەنگێندرێت، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە هونەر و کلتور لە ناو کورداندا زیاتر بە هاوڵاتیانی رووسیای بناسێنین لە ڕێگای زمانی گشتگیری هونەری سینەمای. هەر بۆیەشە فیلمەکان لە چوارچێوەی ڤیستیڤاڵ بە زمانی ئۆرجناڵی خۆی و ژێرنوسی رووسی پەخشدەکرێن. زۆربەی تابلۆ و فیلمەکان، کە لە ماوەی پەخشی فیلمەکانی ڤیستیڤاڵ دەیانبینین، پێناسەی سەختی ژیان و مێژووی گەلی کوردمان نیشان دەدات، کە دابەشی سەر چوارپارچەی وەڵاتانی (تورکیا، ئیران، عێراق و سووریا) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست کراون.

لە فیلمەکاندا چەندین بابەتی گرینگ و روونی وەک (خۆشەویستی و هاوسۆزی، لێبوردەی و مرۆڤخۆشویستن، خۆراگری و دڵسۆزی ئایدیاڵەکان، خەباتکردن لە پێناو گەلەکەمان و بەرەوپێشبردنی ئاشتی) تیدا دەوروژێندرێت و نیشان دەدرێت.

بەبێ دوودڵی، ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ دەبێتە پاڵنەرێکی جدی و بەهێز لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە کلتوریەکانی نێوان رووسیا و کورد و کوردستاندا، هەروەها بەردەوامیدا بۆ بەیەکەوەکارکردن و زیاتر لەیەک نزیکردنەوەی هەردوو لایەن بەتایبەت لە بواری کلتوری.

هەر بەم بۆنەیەوە، دەمەوێت ئەوەتان پێرابگەێنم کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زۆر بەرز دەڕوانێتە جێگاکردنەوەی ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەناو زنجیرە ڤیستیڤاڵە هونەرییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری رووسیای فێدراڵ.

لە کۆتایدا ڕێگام پێبدەن پڕ بەدڵ سوپاسی ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە رووسیا و سپۆنسەری سەرەکی ڤیستیڤاڵ بەڕێز ئەلێگ برۆیان و جەنابی وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار محەمەد سعید بکەم، کە بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەوان، ئەمڕۆ جەژنی سینەمای کوردی لە رووسیا بۆ جاری دووەم بەڕێوەدەچێت. ئومێدەوارم میوانان و بەشداروبووانی ڤیستیڤاڵ کاتێکی پڕ لە خۆشی و کامەرانی بەسەربەرن لە چوونە ناو قوڵای و سرنجراکێشی ڤیستیڤاڵی هونەری فیلمی کوردیماندا.

جارێکی تر سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵ دەکەم و هیوادارم لە داهاتوودا ڤیستیڤاڵ  بەردەوام بێت و زیاتر تام و جێژ بە بینەران و بەشداربووان ببەخشێت.

‎نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا

د. دانەر ئەبوبەکر             

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *