نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا پیرۆزبایی یادی ۷۸ ساڵەی سەرکەوتن بەسەر نازیەکاندا دەکات

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا پیرۆزبایی یادی ۷۸ ساڵەی سەرکەوتن بەسەر نازیەکاندا دەکات

بەناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ و بەناوی خۆمەوە پیرۆزبایی لە هەموو نەتەوە و پاڵەوانە دێرینەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی دژ بە نازییەکان دەکەم.

‎هاوپشتی و بەیەکەوە خەباتکردنی هەموو گەلانی یەکێتی سۆڤیەتی کۆن، بووە بە سەرچاوەیەکی گرنگی سەرکەوتن بەسەر نازییەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

‎هەموو کەسێکی سۆڤیەت بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ نەتەوەیەکە، بەشداری لە بەرگریکردن لە زێدی خۆیاندا دەکرد، لەناویندا کوردانی سۆڤیەت بەشدارییەکی کارایان لە شەڕی دژ بە فاشیزمدا کرد.

‎قارەمانیەتی جەنگاوەرانی کورد لەلایەن مارشاڵی یەکێتی سۆڤیەت ئیڤان باگرامیانەوە بەرز نرخێندرا. ناوبراو لە بیرەوەرییەکانیدا سەبارەت بە قارەمانیەتی سەربازە کوردەکان نووسیویەتی “لە سەردەمی شەڕی نیشتمانی گەورەدا، سەربازانی کورد خۆیان وەها نیشاندا کە ڕۆڵەی بە ئەمەکی نیشتمانپەروەری سۆڤیەتن وەک گەلانی تری سۆڤیەتی برایان. هەموو سەربازە سۆڤیەتیەکانی بە نەتەوە کورد، کە چانسی شەڕم لەگەڵیان هەبوو لە بەرە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و گونجاو ئەرکی سەربازی خۆیان جێبەجێ دەکرد.

‎٩ی ئایار ڕۆژێکی پیرۆزە لە ژیانی هەریەک لە ئێمەدا. ئەمە ڕۆژی شادی و شانازییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

‎ئەمڕۆ ڕێکەوتی ۹ ئایاری ۲٠۲۳ لە هەرێمی کوردستان بەم بۆنەیەوە کتێبێک بەناوی “کتێبی یادەوەرییەکان… جەنگی گەورەی نیشتمانی و بەشداری گەلی کورد لە سەرکەوتنە گشتییەکە بەسەر نازیەکاندا لە ۱۹٤۱ـ۱۹٤٥ دەردەچێت و دەگاتە دەستی بینەر و خوێنەران.

‎لەم کتێبەدا ئەرشیفێکی گەورە و سامانێکی نەتەوەی یەکجار بە نرخ سەبارەت بە خەباتی قارەمانەکانی کورد لە سوپای سۆڤیەتدا خراوەتەڕوو. ئێمە شانازی بە بەشداری گەلەکەمان دەکەین لە سەرکەوتنە هاوبەشەکان بەسەر فاشیزمدا!

کتێبی یادەوەرییەکان… لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بە هاوکاری فەندی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی گشتی و کولتووریەکان بەرهەم هاتووە. شایەنی باسە ئەم کتێبە بەردەوامی کاری ئەو نامیلکەیەیە کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ بە سەرپەرشتی دکتۆر دانەر ئەبوبەکر مستەفا بۆ ۹ ی ئایاری ۲٠۱۸ ساڵڕۆژی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر نازیەکاندا بۆ ڕێزدار نێچیرڤانی بارزانی ئامادەکرد بوو، کە لە یادی ۷۳ ساڵەی سەرکەوتن جەنگی دووهەمی جیهانی بەسەر نازییەکاندا، جەنابیان بانگهێشتی ئاهەنگەکە بۆ مۆسکۆ کرابوو، و کردییە دیاری ڕێزدار ڤڵادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیای فیدراڵ.

‎بەناوی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ و بەناوی خۆمەوە،

‎بە دڵ و گیان پیرۆزبایی ٧٨ ساڵەی سەرکەوتن لە شەڕی نیشتمانپەروەری مەزن لە هەموو کوردانی سۆڤیەت و نەتەوە جیاواز و بەشداربووانی باب و باپیرانتان دەکەم!

‎د. دانەر ئەبوبەکر

‎نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا فیدراڵ