رێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بەرز و گەشاوە دەمێنێتەوە

رێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بەرز و گەشاوە دەمێنێتەوە

١١ ی ئاداری ١٩٧٠ ڕێکەوتێکی زۆر گرینگە هەم لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، هەمیش بۆ هەموو گەلی کورد بە گشتی. چونکە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ساڵی ١٩٧٠  رێککەوتنامەی ١١ ی ئادار لە نێوان حکومەتی عێراقی ئەو کات و، گەلی کورد بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر واژوو کرا، کە بووە بنەمای سەرەکی بنیاتنانی کیانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بە چەندین ماف و دەسکەوتی نەتەوەییەوە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا. وەک ددانان بەوەی گەلی کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکی عێراقن، هەروەها زمانی کوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی لەو ناوچانەی زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی کوردن. هەردوو لایەن رێککەوتن لەسەر ١٥ خاڵی گرینگ کە بە دڵنیایەوە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان بوون. ناچارکردنی حکومەتی بەعس بە ڕێککەوتنی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری بەهێزی خەبات و بەرخودانی گەلی کورد و شۆڕشی ئەیلول بوو، لە هەمان کاتدا ڕۆڵ و هاندانی هاوڕێ و پشتگیریکەرەکانی گەلی کورد لە بیر ناکرێت، بە تایبەتی ڕۆڵی خوا لێخۆشبوو ێڤگێنی پریماکۆڤ کە لە بیرەوەریەکانی خۆیدا دەیانگێڕێتەوە چۆن چۆنی هانی هەموو لایەکی داوە بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە. لەم ڕۆژەدا  سووربوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە لەسەر دەستکەوت و ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان، بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پيشکەوتن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییە گشتییەکانمان لەگەڵ گەلانی هەموو جیهان. لەم ڕۆژەدا دەماوێت ئاماژە بە ڕووداوێکی سرنج راکێشی خێزانی نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی بکەین، کە چۆن ئەم ڕۆژە بۆتە دوو جەژن بۆ خێزانەکەیان: ماوەیەک پێش ئەم رێککەوتنە باوکی بەڕێزیان لە شەڕێکی دەستەوێخە، کە سەرقاڵی وتنەوەی وانە و زمانی کوردی بوو بە منداڵانی کورد لە گوند و دێهاتەکانی کوردستان بە برینداری دەکەوێتە دەست حکومەتی بەعس، سزای لە سێدارەدانی بەسەردە دەسەپێندرێت، بەڵام لەگەڵ واژووکردنی ڕێککەوتنەکە، ئازاد دەکرێت، دوای گێڕانی ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک، بارزانی نەمری بە دیاری تایبەت و وتە بەنرخەکەی پێشوازی لێدەکات لە ژێر دروشمی (بە دەستێکتانەوە قەڵەم و بە دەستەکەی ترتانەوە چەک) ئێوە بەرگی لە خاک و نیشتیمان دەکەن.

بەرز و گەشاوەبێت ١١ی ئاداری ١٩٧٠