شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم سەردانی ڕووسیای کرد

شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم سەردانی ڕووسیای کرد

لە ڕێکەوتی ٢٩/٣/٢٠٢٤ شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز دابان شادەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە یاوەری بەڕێز ئەردەوان حەسەن بەرپرسی دیسکی ڕووسیا و وڵاتانی قەفقاز و ئاسیای ناوین سەردانی ڕووسیایان کرد. لە فرۆکەخانەی مۆسکۆ لەبەردەم فرۆکەکەیان پێشوازی لە شاندی ناوبراو کرا.

‎ کارو چالاکییەکانی شاندی فەرمانگەی پەیوەندییەکی دەرەوە بریتیی بوون لە بوارەکانی (دبلۆماسی، کولتووری و هونەری، ئابووری و بازرگانی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانستی)

‎ ١- (چالاکی دبلۆماسی و ئیداری) لە ڕێکەوتی ٣٠/٣/٢٠٢٤ شاندی ناوبراو سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە ڕووسیای فیدراڵ کرد. لە سەرەتادا د. دانەر ئەبوبەکر مستەفا نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتی بەخێرهاتنی شاندی ناوبراوی کرد و پوختەیەکی لەسەر کاروبارەکان و مێژووی نوێنەرایەتی خستە ڕوو. دواتر لە لایەن هەر یەک لە بەڕێزان دابان شادەڵە و ئەردەوان حەسەن هەڵسەنگاندن بۆ کاروبارەکانی نوێنەرایەتی کرا و سوپاس و پێزانینی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان ئاراستەی ستافی نوێنەرایەتی کرد لە پای ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان بە باشترین و رێکوپێکترین شێوە، هەروەها لەم ئۆفیسە بچوکە کە مالێکی کوردی دڵگیر و شایستەی لێدروستکراوە و ڕازاوەتە بە کەل و پەلی کوردی و نەتەوەی. بە تەکید چەند پێشنیار و ڕاوبۆچوون خرانە ڕوو سەبارەت بە فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان و شوێن و ئالیەتەکانی تری کارکردن لەگەڵ ئەم وڵاتە زلهێزە.                                                                                                          
 
‎ ٢- (چالاکی هونەری) ئێوارەی ڕۆژی ٣٠/٣/٢٠٢٤ لەسەر بانگهێشتی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤکسی وەک میوانی شایستە و پایە بەرز بەشداریمان لە کۆنسێرتێکی هونەری ناودارانی ڕووسیا کرد. لە کۆنسێرتەکە کە زیاتر لە ٢٠٠٠ هەزار خەڵک و کەسایەتی ناودار ئامادەبوون، جێگای و شوێنی شاندی هەرێمی کوردستان دیاریکرا و شایستە بوو کە لە پاڵ کاربەدەستانی ئەم ناوەندە بەناوبانگەی ڕووسیا و دنیادا بوو.                                                                                                                                          
 
‎ ٣- (چالاکی سیاسی و هونەری) لە ڕێکەوتی ٣١\٣\٢٠٢٤ سەردانی هەرێم و ناوچەی دێرینی ڕووسیا شاری یارۆسڵاڤڵمان کرد کە ژمارەیەکی بەرچاوی کوردی تێدا دەژین و، یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم هەرێمە کوردە. لەگەڵ کاربەدەستانی ئەم شارە چەند دیدار و چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا.
‎ هەر لە شاری یارۆسڵاڤڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری ئێوارە کۆنسێرتی گروپی (با)ی شاری دهۆکی کرد کە پێکهاتبوون لە ١١ کچ و کوڕی هونەرمەندی مۆسیقژەنی شاری دهۆک. ئەم گروپە بە هاوکاری و کارئاسانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا و وەزارەتی ڕۆشنبیری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری دهۆک و جەنابی پارێزگاری دهۆک بۆ ئەنجام دانی ئاهەنگی نەورۆز و بەشداری کردن لە ۲۲ فستیڤاڵی ئاوازە ناسکەکان (ڕۆژی نەورۆز) هاتبوونە ڕووسیا. لە سەرەتای کۆنسێرتەکە د. دانەر لە وتەیەکی کورتدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی یارۆسڵاڤڵ و کاربەدەستانی فیڵاڕمۆنیای ناوداری ڕووسیا و ئەم شارەی کرد بۆ کارئاسانییەکانیان بۆ ئەنجام دانی ئەم کۆنسێرتە. هەروەها خۆشحاڵی هەرێمی کوردستانیشی گەیاندە بەشداربووان و کاربەدەستانی ئەم شارە کە هەرێمی کوردستان وەک تاکە دامەزراوەی کوردی لە دنیادا بە پێویستی دەزانێت گرنگی بە کولتووری کوردی و جەژن و بۆنە نەتەوییەکان بدات. کۆنسێرتەکە بووە جێگای خۆشحاڵی ئامادەبووان و کاربەدەستانی ئەم شارە. بەڵێینی زیاتر بەیەکەوە کارکردنمان بۆ دووپاتکردنەوە بە تایبەتی لە بواری کولتووری و هونەری. بۆ نانی ئێوارەی دوای کۆنسێرتەکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گروپی مۆسیقای (با) میوانی ئەندام پەرلەمانی ئەم هەرێمە بەڕێز میخایل خەڵاتیان بووین، بە خواردنی کوردانی ئێزدییەکانی ڕووسیا و بە ئامادەبوونی چەند کەسایەتێکی کوردی ئەم شارە کە خواردن و خواردنەوەکان بە دەستی خێزان و کەس و کارەکەی بۆ میوانانی هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوو. بەم بۆنەیەوە شاندی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوپاس و پێزانین و خۆشحاڵی خۆیان دووپات کردەوە بۆ بوونی کەسایەتی لەم جۆرە لەناو دەسەڵاتی سیاسی ئەم وڵاتەدا، و دیارێکی شایستەیان پێشکەشی جەنابیان کرد کە پێکهاتبوو لە (کتێبی یادەوەرییەکان، بەشداری کوردانی سۆڤیەت لە جەنگی دووەموی جیهانی دژ بە نازییەکان) ئەم دیارییە بووە جێگای خۆشحاڵی زۆری جەنابیان، چونکە بەشێکی گرنگی کولتووری ژیانی کوردانی سۆڤیەتە و ئەم جەژن و بابەتە زۆر بایەخی گرنگی پێدەدرێت لە ڕووسیا و ناو وڵاتانی سۆڤیەتی کۆن بە تایبەتی بەشداربووانی ئەم سەرکەوتنە مەزنە بەسەر فاشیزمدا.                                                                                                      
‎ ٤- (چالاکی سیاسی) لە ڕێکەوتی ١/٤/٢٠٢٤ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز دابان شادەڵە و یاوەری ئەردەوان حەسەن و د. دانەر ئەبوبەکر سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیایان کرد. لە دیدارەکەدا هەردوو لایەن جەختیان لە بەیەکەوەکارکردنی زیاتر کردەوە بە تایبەتی لە بوارەکانی کولتووری و ئابووری و پەروەردە و خوێندنی باڵا و زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان.                                                                                                                      
‎ ٥- (چالاکی زانستی) هەر هەمان ڕۆژ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی (زانستی ئەکادیمیای ڕووسیا)ی کرد لە لایەن سەرۆکی پەیمانگا و ڕاوێژکاران و گەورە توێژەرانی ئەم ناوەندە زانستییە دێرین و بەناوبانگەی دنیا پێشوازیمان لێکرا. لە پەراوێزی دیدارەکەدا باسی خزمەتە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتناسە رووسەکان کرا لە ماوەی ڕابردوو کە پێشکەشی گەلی کوردیان کردووە بە تایبەتی لە بوارەکانی مێژوو و ئەدەب و زمانی کوردی. دواتر گەشتێکیان بۆ بەشی کوردی پەیمانگای ناوبراو بۆ ڕێکخستین. سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی نوێنەرایەتی کردەوە بۆ پشتگیری و هاوکاریەکانی و ڕازاندنەوەی بەشی کوردی ئەم پەیمانگایە. دواتر سەردانی سەنتەری کولتووری ڕۆژهەڵاتمان لەناو پەیمانگای ناوبراو دا کرد، بە هەمان شێوە کەل و پەلە کولتوورییە کوردییەکانیان خستەڕوو و نیشانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دا کە چۆن نوێنەرایەتی هاوکاری کولتووری و زانستیان بەردەوام پێشکەش دەکات. لە لایەن خۆیانەوە شاندی حکومەت خۆشحاڵ بوون بە بوونی ئەم سەنتەرە و پەیوەندی باشی لەگەڵ نوێنەرایەتی دا.                                  
 
‎ ٦- (چالاکی هونەری و دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییە ناودارەکان) هەر هەمان ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١/٤/٢٠٢٤ شاندی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی کرد، لەگەڵ بەڕێزان هەردوو هونەرمەندی ناوداری ڕووسیا بە ڕەگەز کوردی ئێزدی سڤێتڵانە کاسیان هونەرمەندی ئۆپێرا و زارا پاشا هونەرمەندی ناودار و یەکێک لە ١٠ هونەرمەندە ناودار و خاوەن زۆر هەوادارەکەی ڕووسیا کۆبووینەوە. دوای سوپاس و خۆشحاڵی و دەربڕینی شانازی بۆ ئەم سەرکەوتنە مەزنانەی لەم وڵاتەدا بە دەستیان هێناوە، گوێمان لەداواکاری و حەز و ئارەزووەکانیان گرت، بە تایبەتی هاتنیان بۆ کوردستان و ئەنجام دانی کۆنسێرت.                      
‎ بۆ ئەم مەبەستە بەڵێنی کارلەسەر کردنیان بۆ دووپات کرایەوە. دواتر لە لایەن جێگیری سەرۆکی دامەزراوەی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی بەڕێز مارگەریتە ئیڤانۆڤنە چەند پرۆژەیەکی تری خرانە ڕوو کە لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر کردوون بۆ خزمەتی کولتوور و مۆسیقای جیهانی لە ناویاندا مۆسیقای کوردی کە بە ڕای جەنابیان کاتی ئەوە هاتووە زیاتر بە زانستی بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی هەموو ئامادەیەکی تێدایە.                                
‎ دواتر شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنسێرتی گروپی مۆسیقای بای شاری دهۆکی کرد کە لەناو ناوەندی چایکۆڤسکی ڕێکخرابوو و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی کوردی دیاسپۆرا و ڕووسی، قوتابیانی کوردستانی و کەسایەتی هونەری بەشداریان تێیدا کردبوو. لە پەراوێزی کۆنسێرتەکە چەندین چاوپێکەوتنی کورت لەگەڵ بەشداربووان و کەسایەتییە ناودارەکان لەوانە ئەزیز ئەسکەریان و تیمور ڕەشۆێڤ و هتر… رێکخراو و گفتوگۆ و قسە لەسەر ڕەوشی ژیان و ئیش و کاری خەڵک و خوێندنی قوتابیەکانیش کرا.                                                    
‎ جێگای ئاماژە پێدا ئەم کۆنسێرتانە بوونە جێگای خۆشحاڵی زۆری خەڵکی ڕووسیا و کوردانی دیاسپۆرا. سوپاس و دەستخۆشیش بۆ نوێنەرایەتی حکومەت هەم لە لایەن کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکییەوە هەمیش گروپی ناوبراو و ئامادەبووان کە یەکەمین جارە ڕێگا خۆشبکرێت کۆنسێرت و مۆسیقای کوردی لە ناو ئەم ناوەندە جیهانییە بەناوبانگە ئەنجام بدرێت.                                                                                              
                                                                                 
‎ ٧- (چالاکی ئابووری و بواری بازرگانی) لە ڕێکەوتی ٣/٤/٢٠٢٤ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ژووری بازرگانی شاری سانپترسبۆرگی کرد، کە لەلایەن بەڕێز ڤڵادیمیر کاتێنێڤ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەم شارە پێشوازیم لێکرام. لە پەراوێزی دیدار و گفتوگۆکان تیشک خرایە سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. بەڕێز دابان شادەڵە باسی پەیوەندییە ئابووریەکانی ئەم شارە و هەرێمی کوردستانی کرد کە گەورە کۆمپانیاکانی بواری نەوتی ئەم شارە لە  کوردستان کار دەکەن، هەروەها باسی فۆرمی ئابووری سانپرتبۆرگی کرد کە ساڵانی ڕابردوو هەردوو بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی پشوو و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریان تێدا کردووە.                                                                    
‎ ٨- (چالاکی سیاسی) لە ڕێکەوتی ٤/٤/٢٠٢٤ شاندی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی حکومەتی هەرێمی سانپترسبۆرگ یان کرد، لە لایەن بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت بەڕێز ێڤگێنی گریگۆریێڤ و ستاف و ڕاوێژکارانی حکومەت پێشوازی لە شاندی هەرێمی کوردستان کرا. لە دیدارەکەدا زۆر بە ڕاشکاوانە باسی پەیوەندییە سیاسی و ئابووریەکانی نێوان هەردوو هەرێم کرا، حەز و ئارەزووێکی زۆر لە لایەن هەردوو لایەنی کورد و ڕووسی ئەم هەرێمە خرانە ڕوو، بۆ ئەم مەبەستە جەنابیان ڕاستەوخۆ چەند کەسێکی لە ستاف و بەرپرسانی خۆی ڕاسپارد بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆپۆزەڵی چۆنیەتی کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ کردنە دەستە خوشکی یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان. جەنابیان باسێکی کورتی خۆیانی لە ئێراق و ناوچەکە کرد، ئەوەی خستەڕوو کە گەلی کورد کارەکتەرێکی بەهێزی ناوچەکەیە و خاوەنی مێژووێکی دووروو و درێژی خەباتی کولتووری و نەتەوەییە. بەڕێز دابان شادەڵە بە هەمان شێوە باسی گرنگی حکومەتی سانپترسبۆرگی کرد بۆ هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵ لەم وڵاتەدا، هەروەها دووپاتی کردەوە کە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵن کە چەند جارێک لە بۆنەکان ماوەی ڕابردوو سەردانی ئەم شارەیان کردووە و لە بیر و فکریاندا ماوەتەوە و هەمیشە باسی دەکەن، بۆیە دڵنیام ئەم شارە شارێکی کولتووری و بەناوبانگی ڕووسیا و جیهانە، خۆشحاڵ دەبین کار لەسەر ئەوە بکەین ببێتە دەستە خوشکی یەکێک لە شارەکانی کوردستان.                                                                                              
‎ دوای گۆڕینەوەی دیاری شایستە لە نێوان هەردوو لادا، گەشتێکیان بۆ شاندی حکومەتی هەرێم بەناو باڵەخانە و مۆزەخانەی حکومەت ڕێکخست، کە بەڕاستی جێگای سەرسووڕمان بوو، کە مێژوو و ئەرشیفی سەرۆکەکانی حکومەت هەر لە سەردەمی کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ پارێزرابوون. لە هەمان کاتدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت هەموو کەسایەتییە گرنگەکانی ڕووسیا هەر لە ڤڵادیمیر پووتین و دمیرتری مێدڤێدیڤ و سێچین و سەپچاک لەم حکومەتەی سانپترسبۆرگەوە پێگەیشتوون و سەرۆکایەتییان کردووە تا گەیشتوونەتە سەرۆک وڵات و کەسایەتی ناوداری جیهانی.                                                                  
‎ ٩- (چالاکی ئابووری و بواری بازرگانی) لە ڕێکەوتی ٤/٤/٢٠٢٤ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە بەڕێز ماکسیم ئەلیکساندەرەڤیچ بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی ئابووری ڕووسیا و ئێراق. لە دیدارەکە باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ڕووسیا و ئێراق کرا، جەنابیان ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە %٨٠ لە ڕێگای کوردستان و بازرگانە کوردەکانەوەیە. لە هەمان کاتدا باسی سەردانی داهاتووی شاندێکی گەورەی ئەنجومەنی ئابووری ڕووسیای کرد بۆ ئێڕاق، بەڵێینی دا سەردانی کوردستانیش بکات و بەدواداچوون بۆ پێویستی بازارەکانی کوردستان بە کەل وپەلی ڕووسیا بکات.                        

‎ ٩- (چالاکی هونەری) لە ڕێکەوتی ٥/٤/٢٠٢٤ لەسەر بانگهێشتی کچە هونەرمەندی ناوداری ڕووسیا و خێزانەکەی زارا پاشا بەشداریمان لە ئێوارە کۆنسێرتێکدا کرد کە زیاتر لە ٤٠٠٠ هەزار کەس بەشداریان تێدا کرد. شایەنی باسە هونەرمەندی ناوبراو چەند گۆرانێکی کوردی وت و ئاماژەی بەوەکرد کە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نیشتمانەکەی لەم هۆڵە ئەمڕۆ ئامادەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگای شانازی و پێزانینی زۆرە کە کەسایەتێکی لەم ئاستە باڵایە بە نەتەوە کوردبێت و هەمیشە لە کۆنسێرتەکانی دا ئاماژە بە نەتەوەی خۆی و کورد و کوردستان بکات. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز دابان شادەڵە چەپکەگوڵێکی ڕازاوەی بەناوی حکومەتی هەرێیمی کوردستان لەبەردەم بەشداربووانی کۆنسێرتەکە پێشکەش کرد و بووە جێگای خۆشحاڵی جەنابیان و بە دەنگی هونەری خۆی و لەبەردەم بەشداربوان  ئاماژەی بەوە کردەوە کە هاونیشتمانییەکانی پیرۆزبای لێ دەکەن و بانگهێشتی کوردستانی دەکەن بۆ کاری هونەری.