‎خزمەت و دەسکەوتەکانی ساڵی ۲٠۲۳ ی نوێنەرایەتیمان

‎خزمەت و دەسکەوتەکانی ساڵی ۲٠۲۳ ی نوێنەرایەتیمان

کە لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ۲٠۲۳ نزیک دەبینەوە، پرسیاری هەرە لۆژیک و گرینگ کە لە خۆمانی بکەین لەوانەیە ئەوەبێت، ئایا چ گۆرانکاری هەبووە لە نێوان ئەم ساڵ و ساڵی ڕابردوو؟ بەرهەمان چی بووە و چی فێربووین لە تەجروبەی ژیانی ساڵێکی کار و تەمەنماندا!؟ تا چەند توانیومانە ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بە خۆمان، نیشتمان، کەس و کار و دۆست و هاوڕێیانمان جێبەجێ بکەین؟ دەسکەوتە ئینسان و نەتەوەییەکانمان چی بوون؟ ئایا لە ئیش و کارە نەتەوەیی و ئەرکەکانی سەرشانمان سەرکەوتووبین، وە ئایا توانیوومانە یاخود دەتوانین دەست لەسەر کەم و کوڕییەکان دابنێین بۆ باشتر کارکردن لە داهاتوودا؟

‎بە نسبەت خۆمەوە لە گەڕان بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگانە ئەگەر لە کۆتا پرسیار دەست پێ بکەین، دەبێت ئەوە بزانین ئیش و کار بەبێ کەم و کوڕی نابێت، یان باشترە بڵێن دەکرا باشتر و باشتر ئەم ئیش و کار و خزمەتانە جێبەجێ بکەین. بەڵام لەم بارودۆخە ناهەموارەی چەند ساڵە پێیدا دەڕۆین و ڕۆیشتووین، بە ساڵی ۲٠۲۳ شەوە، لە ڕووی ستاتوو و نەبوونی لە سەدا دەی بودجە و پشتگیری مادی سنوردار تەنانەت لە چاو نویێنەرایەتییەکانی تریش، هەروەها نەبوونی ستاف و پشتگیرییە مەعنەویی و بەربەستە دەستکردەکانی کارکردنی بەردەمان و هتر… کار و خزمەتی یەکجار گەورە و گرنگ و مێژووی کراون و بوونەتە شانازی و لەسەر لاپەڕەی زێرین لە دیرۆکی نەتەوەی و کارکردنمان لەم سنوورانەدا دەنووسرێنەوە.

‎ساڵی ۲٠۲۳ بۆ نوێنەرایەتی ساڵی دەستکەوتی زانستی و کۆکردنەوەی ئەرشیفی نەتەوەی و مێژووی و کولتووری بووە. ساڵێک کە تێیدا حەوت پەڕتووکی ستراتیژی و نایاب بە زمانی کوردی و ڕووسی (نووسراون، و وەرگێڕدراون و کۆکراونەتەوە و لە چاپدراون) ساڵێک کۆنفرانسی زانستی و چالاکی کولتووری و نەتەوەی گرنگ بە ئەنجام گەێندراون. ساڵێک هاوکاری مادی و معنەوی سەرخستنی فستیڤاڵی جۆراوجۆری کولتووری کراوە لەوانە فستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ و بەشداری فستیڤاڵی نەورۆزی مۆسکۆ و بەشداری چەندین کۆڕو کۆنفرانسی تر کراوە. ساڵێک بوونە پردی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و دامەزراوە کولتووری و زانستییەکانی نێوان ڕووسیا و کوردستان. ساڵێک بوونە پردی هونەری و ناساندنی هونەری فۆکلۆری میللی کوردی بە ناوەندە هونەرەییە ناودارەکانی ئەم وڵاتە و دنیا. ساڵێک هاوکاری قوتابیانی کوردستانی و بەدواداچوون بۆ چارەسەری کێشەکانیان و پێدانی ڕێنومای و هاوکاری کردنیان بۆ چارەسەر کردنی ئاریشەکانیان کراوە. ساڵێک کارکردنی بەردەوام و گۆڕینەوەی بیرو ڕاو و پێدانی ڕێنومای بە دیاسپۆرا و کارکردن لەگەڵ دامەزراوەی دیاسپۆرای کوردستانی بووە. ساڵێک ئاسانکاری و هاوکاری کردنی کوردستانیان هەر لە نەخۆش، گەشتیار و بازرگانان کە پێویستیان بە هاوکاری نوێنەرایەتی بووە و کارئاسانیان بۆ کراوە. ساڵێک بۆ کاتژمێرێك ڕانەگرتن و تاخیر نەکردنی کاروباری هاوڵاتیان لە نوێنەرایەتی و جێبەجێ کردنیان. ساڵێک وەڵامدانەوەی هەموو پەیوەندی تەلەفۆنی و ئیمێڵ و نامەیەکی سۆشیاڵ میدیای هاوڵاتیان.

‎لەسەر هەر بابەت و کارێکی تایبەت بە ئیش و کاری نوێنەرایەتییەکان قسە بکرێت بۆ ئێمە ساڵی پڕ دەستکەوت بووە. ئەوەی گرنگە کار و خزمەتە نەتەوەیی و حکومییەکانمان هەمووی بە دیکۆمێنت دەکرێن و دەبنە ئەرشیفی شانازی نەتەوەیمان. نووسین و بە چاپ گەیاندنی ۷ پەڕتووکی نایاب و نەبوو لە ناو چاپەمەنییە کوردی و ڕووسیەکاندا، دەسکەوتی لە بیر نەکراون و بوونەتە سەرچاوەی باشی زانستی بۆ قوتابیان و توێژەرانی کورد و ڕووس و جیهانی. جێگای خۆیەتی باس بکرێن و شانازیان پێوە بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە چەند بەرنامەی کولتووری و کۆنسێرتی نەتەوەی کوردی لە ناو ناوەندە هونەری و کولتوورییە بەناوبانگەکانی ئەم وڵاتە کارییان لەسەر کراوە، هەروەها کار لەسەر سێ پەڕتووکی تریی نایاب کراوە و لە
‎چاپدانیان دەکەونە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲٠۲٤ وە.

‎سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی هاوکاری و کارئاسانیان پێشکەش کردووین و بەشداری ئەم دەسکەوتە مەزنانەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ بوون و دەبن. ئەمانە کاری هاوبەش و دەرئەنجامی بەیەکەوەکارکردنە. دەخوازین و ئومێدەوارین ساڵی تازەی ۲٠۲٤ لە هەموو لایەک پیرۆزبێت و ساڵی پڕ بەرهەمتر بێت بۆ هەموو لایەک.